تەرمێك لە زێی گەورە دۆزرایەوە

ھاووڵاتیانی گوندی قەسرۆك تەرمەكەیان لە رووبار ھێناوەتە دەرەوە

K24 - سۆران

ئەمڕۆ 17/4/2019، تەرمێك لە زێی گەورە لە نزیك گوندی قەسرۆكی دۆڵی بیاو لە سنووری ناحیەی خەلیفان دۆزرایەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران تەرمەكە لەلایەن دانیشتووانی گوندی قەسرۆك لەناو زێی گەورە دەرھێنراوە، بەڵام نەزانراوە ئەو تەرمە لەكوێ كەوتووەتە ناو ئاو، یان بە ھۆكارێكی دیكە خنكاوە.

موحسین مستەفا، موختیاری گوندی قەسرۆك بە كوردستان24 گوت: "ئەمڕۆ لەلایەن ھاووڵاتیانی گوندەكەمان تەرمێك لە زێی گەورە دۆزرایەوە، دواتر چووین تەرمەكەمان ھێنایە ناو گوند، ئێستا چاوەڕێی ھێزەكانی بەرگری شارستانی دەكەین بۆ ئەوەی بێن و تەرمەكەیان رادەست بكەین".

گوتیشی: "شوێنەواری برینداربوون بە تەرمەكەوە دیارە، بەڵام نازانرێت ئەو كەسە بە رووداوێك كەوتووەتە ئاوەكە، یان خراوەتە ناو رووبارەوە".

لە راگەیەندراوێكدا رائید سەعدون ھاودیانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی سۆران رایگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 17/4/2019، ئاگادار كراوینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هاووڵاتییانی گوندی قه‌سرۆكی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی خەلیفان ته‌رمێك دۆزراوه‌ته‌وه‌ له‌ زێی گه‌وره‌، ده‌ستبەجێ ئه‌فسه‌ری ئێشكگری گه‌یشتووه‌ته‌ شوێنی رووداوەكە تاوه‌كو ناسنامه‌ی ته‌رمه‌كه‌ بزاندرێت، تائێستا ناسنامه‌ی ته‌رمه‌كه‌ نه‌ناسراوه‌. ته‌رمه‌كه‌ ره‌گه‌زی نێره و ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی ده‌كرێت، بۆ زانینی هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانی".

ھ.م

تەرمێك لە زێی گەورە دۆزرایەوە
تەرمێك لە زێی گەورە دۆزرایەوە
تەرمێك لە زێی گەورە دۆزرایەوە