نوشتە و دوعا لە سلێمانی قەدەخە دەكرێت

"هەر جێگەیەك دوعا و نوشتەی تێدا بكرێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت"

K24 - سلێمانی

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دیاردەی دوعا و نوشتەكردن بە هەموو شێوەیەك قەدەخە و نایاساییە و هەر جێگەیەك دوعا و نوشتەی تێدا بكرێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: "هەر جێگەیەك دوعا و نوشتەی تێدا بكرێت كارێكی نایاساییەو بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی كەه ەر كەسێك سكاڵای لەسەر بەناو شێخێك یان بەناوی دوعا و نوشتكردنەوە دەستدرێژی كردبێتەسەری و پارەی لێوەرگرتبێت و كەسەكەش سكاڵای تۆماركردبێت دەستبەجێ دەستگیرمان كردووە".

پۆلیسی سلێمانی داواش لە هاووڵاتیان دەكات: "لەكاتی بوونی ئەو جۆرە رووداوانە دەستبەجێ سكاڵا تۆمار بكەن، لەبەر ئەوەی وەك پۆلیس ناتوانین بچینە سەر هەر ماڵێك كە ئەو كارەی تێدا دەكرێت بەبێ بوونی سكاڵا".

ھ.م