ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان دوا بڕیار دەدات

"چاکسازی گرنگە نەک پلە و پۆست"

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 28/04/2019، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی بەشداریكردنیان لە کابینەی داهاتووی حکوومەت، ھەڵوێستی حزبەكەی یەكلایی دەكاتەوە و راسپاردەكانی جڤاتی گشتیش تاوتوێ دەكات.

جەمال حاجی محەمەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاندووە، ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بۆ تاووتوێکردنى راسپاردەكانی جڤاتی گشتی، كۆدەبێتەوە و بڕیاریان لەبارەوە دەدات.

ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ تاووتوێكردنی دواپێشهاتەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێ و زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم، لەگەڵ كاری لیژنەی هەڵسەنگاندنی دیاریكردنی كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستە حكوومییەكان كۆبووەوە.

دواى کۆتاییهاتنى کۆبونەوەکەش، میدیاكانی ئەو حزبە لە زاری ئەندامێكی جڤاتەكە بڵاویان كردووەتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان پۆست ‌و پلە و پایەی لا گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە بۆ بزووتنەوەکە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیەتی بۆ چاكسازی ‌و رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە پێشنیازەكانی خۆی ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی كردووە.

 ‌H.J