گۆڕان: رێككەوتن بۆ سەقامگیریی ھەرێمی كوردستان سازشكردن نییە

جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان چەند پرسێك تاووتوێ دەكات

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ گۆڕان دوا بڕیار لەبارەی دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدات و دەشڵێت "رێككەوتن لەگەڵ لایەنی براوە بۆ سەقامگیریی ھەرێمی كوردستان، سازشكردن نییە".

نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24ی رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جڤاتی نیشتمانی كۆمەڵێك پرس تاووتوێ دەكرێن و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت، یەكێك لەو پرسانەش دانانی دوو جێگره‌ بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "رێككەوتن لەگەڵ لایەنی براوە بۆ سەقامگیری و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی سەر ھەرێمی كوردستان، سازشكردن نییە، بەڵكوو خەمی میللەت و ھەرێمی كوردستانە. لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا دەبێ لایەنەكان نەرمی بۆ یەكتر بنوێنن، چونكە زمانی ھەڕەشە بەسەر چووە، پێویستە لە رێگەی كابینەی داھاتووەوە نێوماڵی كورد یەك بخەینەوە".

بڕیارە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە و بڕیار لەسەر چەند راسپاردەیەك بدات، كە دوێنێ لەلایەن جڤاتی گشتیی گۆڕان ئاراستەی كراوە.