لە دوو مانگدا 45 كەس بەھۆی ماددەی ھۆشبەر و پارەی ساختە لە سۆران دەستگیر كراون
دەست بەسەر بڕێكی زۆری ماددەی مادەی ھۆشبەردا گیراوە
K24 - سۆران
بەپێی داتاكانی بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران لە ماوەی دوو مانگدا 45 كەس لە دەڤەری سۆران لەسەر ماددەی ھۆشبەر و پارەی ساختە دەستگیر كراون.
بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "لە هەردوو مانگى 3 و 4 ساڵى 2019 بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران بە هەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى سۆران و بازگەکانى سەر بەو بەڕێوەبەرایەتیە و بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەڵەتى حاجى ئۆمەران، بە پێى یاساى (14مخدرات) و بە وەرگرتنى زانیارى و چاودێرى و بەدواداچوون و لە چەندین هەڵمەتى جیاواز توانی 45 کەس بە تۆمەتى ئالوودە بوون و کڕین وفرۆشتنى ماددە هۆشبەرەکان و دراوى ساختە دەستگیر بکات، کە لە نێویاندا 12 کەسى دانیشتووى دەرەوەى سنوورى سۆران و 14 کەسىشیان بیانى و 2 دوو داواکراو و 17 کەسى دانیشتووى سۆرانن".
لە راگەیەندراوەكەدا روونكراوەتەوە: "لە کاتى دەستگیر کردنى ئەو تۆمەتبارانە توانرا دەست بگیرێت بە سەر بڕى 2 ھەزار و562 دانە حەبى قەدەغەکراو و بڕى 21 ھەزار و 700 دۆلاری ساختە، ھەروەھا بڕی یەك كیلۆ و 200 گرام ماددەی ھۆشبەری جۆری ھێرۆین و بڕى 523 گرام ماددەى هۆشبەرى جۆرى شیشە و بڕى 95 گرام ماددەى هۆشبەرى جۆرى تلیاك و حەشیش و هەندێک کەلوپەلى بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر و یەک دەمانچە".
ئەوەشخراوەتەڕوو: "دەستگیرکراوەکان بۆ وەرگرتنى رێکارى یاسایى رەوانەى بەردەم دادەرى لێکۆڵینەوە کراون".
ھ.م