نوێترین فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری جیهان له باشووری كه‌ركووك ده‌سوڕێته‌وه
"مۆڵگه‌كانی داعشیان له باشووری كه‌ركووك و چیای حه‌مرین كردووه‌ته ئامانج"
K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی هێزی ئاسمانیی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند: "یه‌كه‌م ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری جۆری (F-35 AJ لایتینگ2) كه به "تارمایی" ناسراوه و نوێترین فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری جیهانه، ئه‌نجام دراوه".
هێزی ئاسمانیی ئه‌مه‌ریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه: "دوو فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری جۆری (F-35 AJ لایتتینگ2) دوو جار هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر مۆڵگه‌كانی رێكخراوی داعش له عێراق و تونێل و كۆگای چه‌ك و كه‌لوپه‌له‌كانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه‌یان كردووه‌ته ئامانج".

هه‌روه‌ها ناوچه‌یه‌كی باشووری كه‌ركووك و چیای حه‌مرین له‌لایه‌ن ئه‌و دوو فڕۆكه‌یه‌وه بۆمبباران كراون و ئه‌و ئه‌ركه‌شیان له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش ئه‌نجام داوه.
هێزی ئاسمانیی ئه‌مه‌ریكی له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆیه‌وه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر، وێنه‌ی فڕۆكه‌كانیان له ئاسمان و له كاتی هێرشكردنه سه‌ر مۆڵهگانی داعش له باشووری كه‌ركووك بڵاو كردووه‌ته‌وه.

ئه‌و دوو فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره كاریگه‌ره‌ی ھێرشه‌كانیان ئه‌نجام داوه، رۆژی 15/4/2019 خراونه‌ته خزمه‌تی سه‌ربازییه‌وه و گه‌یشتوونه‌ته ده‌ست فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و له بنكه‌ی ئاسمانی "هێل ئێر فۆرس" له ویلایه‌تی یوتاوه نێردراون.
موقه‌ده‌م مۆریس، فه‌رمانده‌ی ده‌سته‌ی چواره‌می فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كان و فڕۆكه‌وانی فڕۆكه‌ی جۆری F-35A، ده‌ڵێت: "ئه‌و فڕۆكانه توانای كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانیان هه‌یه له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگ و چاره‌سه‌ركردنیان و به ئامانجكردنیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و زانیاریانه‌ی كۆی ده‌كه‌نه‌وه".
هه‌روه‌ها فڕۆكه‌كه ده‌توانێت له ئاسمان خۆی بشارێته‌وه و دووه‌م فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری نه‌وه‌ی پێنجه‌مه و له‌لایه‌ن كۆمپانیای (لۆكهید مارتن) له ئه‌مه‌ریكا پێش خراوه و ئێستا به نوێترین فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری جیهان داده‌نرێت".
