هه‌وڵی لابردنی محه‌مه‌د حه‌لبووسی له پۆسته‌كه‌ی ده‌درێت
"حه‌لبووسی پابه‌ندی ئه‌و مه‌رجانه نه‌بووه كه پێشتر له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانێتی میحوه‌ری وه‌ته‌نی دیاریكراون"
K24- به‌غدا:
هاوپه‌یمانێتی میحوه‌ری وه‌ته‌نی بڕیاریدا، ئه‌ندامێتی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی كوتله‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا هاوپه‌یمانێتی ناوبراو دووپاتیكرده‌وه، هه‌وڵه‌كانیان چڕ ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له قۆناغی داهاتوودا كه‌سێكی دیكه له شوێنی حه‌لبووسی بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌ستنیشان بكه‌ن، كه هاوسه‌نگییه‌كی زیاتری تێدابێت، بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان.
هاوپه‌یمانێتی میحوه‌ری وه‌ته‌نی هۆكاری ئه‌و بڕیاره‌یان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، كه حه‌لبووسی و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی كوتله‌كه‌ی هه‌وڵیانداوه درز بخه‌نه نێو هاوپه‌یمانێتییه‌كه و به‌وه‌ش تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، كه پابه‌ندی ئه‌و مه‌رجانه نه‌بوونه كه پێشتر له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یانه‌وه دیاریكراون.
H.B
