رێژەی بێكاریی له ھەرێمی كوردستان كەمی كردووه
ھەرێمی كوردستان ھەلی كاری بۆ ھەزاران ئاوارە و پەنابەر رەخساندووە
K24 - ھەولێر
سەرەڕای چەند ساڵ قەیرانی دارایی و ئەو بارودۆخە سەختە ئابوورییهی، کە ھەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ بوو، بەڵام ھێشتا رێژەی بێکاریی له ههرێمی كوردستان لە عێراق كهمتره، تەنانەت ھەوڵ دراوە ھەلی کاریش بۆ ئاوارە و پەنابەران و ئەوانەشی بە ھۆی بێکارییەوە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە روو لە ھەرێمی كوردستان دەکەن، بڕەخسێنرێت.
به گوێرهی دوایین داتاكانی دەستەی ئاماری ههرێمی كوردستان، رێژەی بێكاریی لە ھەرێمی كوردستان كەمتر بووەتەوە، سەرەڕای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و بڕینی بەشە بودجەی كوردستان، بهڵام وهك دەستەی ئامار ئاشكرای دەكات، رێژەی بێكاریی لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە 10%ه، لهكاتێكدا رێژەی بێكاریی گەیشتووەتە لە 16% و بهرهو ههڵكشانی زیاتریشه.
سیروان محەممەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "بەراورد بە عێراق، لە ھەرێمی كوردستان رێژەی بێكاریی كەمترە، ھۆكارەكەش ئەوەیە كه پێش ئەوەی قەیرانی دارایی دروست بێت، ھەلی كار لە كەرتی گشتی و تایبهتدا زیاتر دەڕەخسێنرا".
گوتیشی: "كەموكورتییەك لە ھەرێمی كوردستان ھەیە،ئهویش كهمیی رێژەی ئافرەته لەناو ھێزی كاردا، ئەوەی كە بەشداریش بووە لە 75%ی لەناو كەرتی گشتی دایە".
بەشێك لە شارەزایانی ئابووری ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەو رێژەیە كەمتر بكاتەوە، ئەگەر بێتو ھەلی كاری زیاتر لە كەرتی تایبەت بۆ خەڵكی بڕەخسێنێت و ببێتە نموونەیەك بۆ حكوومەتی عێراق و ناوچەكە، كە چۆن توانیوویەتی بەسەر قەیرانە سەختەكاندا سەربكەوێت، ھەلی كاریش بۆ ھاووڵاتییان بڕەخسێنێت، كە بەشێكیان لە شارەكانی عێراق، ئاوارەی كوردستان بوونە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی دەستەی ئامار، له ههرێمی كوردستاندا رێژەی بێكاریی لەناو ئافرەتاندا زیاترە وەك لە پیاوان، چونكە لە %75ی ئەو ئافرەتانەی كار دەكەن لە كەرتی حكوومی دان و كەمتر لە كەرتی تایبەت دەبیندرێن، ههروهها رێژەی ئەوانەشی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 25 ساڵی دایە، بە شدارییان لە بازاڕی كاردا كەمە، بەڵام ئەگەر ئەم دوو رێژەیە زیاد بكات، ئەوا رێژەی بێكاریی بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە.
ھ.م