فەوجێكی دیكەی سەربازیی رەوانەی سنووری خانەقین دەكرێت
"ناردنی ئەو ھێزە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان خراپتر دەكات"
K24 - خانەقین
بە ناوی دابینکردنی ئاسایشەوە، وەزارەتی بەرگریی عێراق، فەوجێکی دیکەی سەربازیی رەوانەی سنووری قەزای خانەقین کردووە، ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "ناردنی هێزی سەربازیی بۆ سنووری قەزای خانهقین و کەرکووک، بهبێ هێزی پێشمهرگه، ناتوانێت دۆخی ئاسایشی ناوچهكه باشتر بكات".
لەگەڵ زیادکردنی ژمارەی یەکە سەربازییەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، نەک ههر دۆخی ئەمنیی ناوچەکەی باش نهکردووە، بەڵكوو جموجۆڵی داعشیش زیادی کردووە، كه به هۆیهوه، هەر رۆژە و گوندێکی کوردنشینیش لە ناوچەکە چۆڵ دەبێت.
لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و نەمانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تەنیا لە سنووری قەزای خانەقین، زیاتر لە 60 تەقینەوە ئەنجام دراوه و 78 هاووڵاتیش تیرۆر کراون، جیا لەمانەش، بەردەوام عەرەبە هاوردەکانیش دهستیان داوهته داگیرکردنی زەوی کشتوکاڵیی هاووڵاتیانی کورد.
ھ.م