دوو ئافرەت لە قەڵادزێ سووتان

یەکێکیان گیانی لەدەستداوە

K24 – هه‌ولێر:

لە دوو رووداوی جیادا، ژنێکی تەمەن 33 ساڵ و کچێکی تەمەن 17 ساڵ لە سنووری شارۆچکەی قەڵادزێ سووتان.

بەگوێرەی راگەیندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، هۆکاری سووتانی ژنەکە نادیارە و 80%ی جەستەی سووتاوە، بەڵام بە گووتەی کەسوکاری کچە 17 ساڵەکە، کچەکەیان لە کاتی ئامادەکردنی خواردن سووتاوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.

ژنەکە بە ناوی (س.ع.م) ژنی ماڵبووە و دانیشتووی گەڕەکی راپەڕینی شارۆچکەی قەڵادزێیە، هەرچی کچەکەیە بەناوی (ب.م.ر)، کچی ماڵ بووە و لە گوندی گرتک سەر با ناحیەی سەنگەسەر نیشتەجێ بووە.

دەقی راگەیندراوەکەی پۆلیسی راپەڕین:

كاتژمێر 3:30 خوله‌كی شه‌وی ڕابردوو ژنێك به‌ناوی ( س . ع . م ) له‌دایك بووی ساڵی 1986 پیشه‌ی ژنی ماڵ، دانیشتووی قه‌ڵادزێ گه‌ڕه‌كی ڕاپه‌ڕین به‌ برینداری گه‌یه‌ندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی قه‌ڵادزێ كه‌ له‌ حه‌مام به‌ ئاگر سوتاوه‌ و تائێستاش هۆكاره‌كه‌ی نادیاره‌، به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتی پزیشكی ڕێژه‌ی سوتاویه‌كه‌ی 80%یه‌و به‌ هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌شی به‌ڕێكرا بۆ سلێمانی كه‌ دایكی 3 منداڵه‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كاتژمێر 4:30 خوله‌كی ئێواره‌ی دوێنی كچێك به‌ناوی ( ب . م . ر ) له‌دایك بووی ساڵی 2002 پیشه‌ی كچی ماڵ دانیشتووی گوندی (گرتك) سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر به‌ برینداری گه‌یه‌ندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی قه‌ڵادزێ كه‌ به‌وته‌ی خۆی له‌كاتی ئاماده‌كردنی خواردن به‌هۆی گڕگرتنی بوتڵی غاز سوتاوه‌، به‌ڵام سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ستدا.

له‌سه‌ر سكاڵای كه‌سوكاری ژنه‌كه‌ دادوه‌ر بڕیاریدا به‌ ڕاگیركردنی هاوسه‌ری ( س . ع . م ). په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ هه‌ردوو ڕووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه‌.

H.J