ژنێكی كورد وه‌ك یه‌كێك له‌ كاریگه‌رترین ژنانی مه‌كسیك ده‌ستنیشان ده‌كرێت

وه‌ك یه‌كێك له‌ 100 ژنی كاریگه‌ری وڵاتی مه‌كسیك ده‌ستنیشان كرا

K24 – هه‌ولێر:

هانا جاف، ژنه‌ سیاسه‌توان، نووسه‌ر و چالاك و خێرخوازی كوردی نیشته‌جێی مه‌كسیك له‌ لایه‌ن گۆڤاری فۆربسه‌وه‌، وه‌ك یه‌كێك له‌ 100 ژنی كاریگه‌ری وڵاتی مه‌كسیك ده‌ستنیشان كرا. وێنه‌ی هانا جافیش له‌ سه‌ر به‌رگی گۆڤاره‌كه‌ چاپكرا.

هانا جاف له‌ باوكێكی كورد و دایكێكی مه‌كسیكی له‌ شاری ساندیاگۆی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ دایكبووه‌.

به‌ یه‌كێك له‌ سیاسه‌توانه‌ دیاره‌كانی وڵاتی مه‌كسیك هه‌ژمار ده‌كرێت. خاوه‌نی رێكخراوی جاف فاوه‌نده‌یشنه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خوێندن و كاری خێرخوازی.

له‌ 2013 هانا جاف گه‌وره‌ترین فێستیڤاڵی كوردی له‌ مه‌كسیك رێكخست، كه‌ چوار رۆژی خایاند و زیاتر له‌ 80 هه‌زار كه‌س به‌شدارییان تێدا كرد.

له‌ ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندینجار سه‌ردانی كوردستانی كردووه‌ و به‌رده‌وام سه‌ردانی كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ران له‌ كوردستان ده‌كات.