فه‌ره‌نسا داوای راگرتنی فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی هاووڵاتییه داعشه‌كانی له عێراق ده‌كات
لۆدریان: نزیكه‌ی 450 فه‌ره‌نسی لای كورده‌كانی سووریا ده‌ستبه‌سه‌رن
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ئاشكرا كرد، وڵاته‌كه‌ی هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی بۆ ریگه‌گرتن له فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی 6 هاووڵاتی فه‌ڕه‌نسی له عێراق چڕكردووه‌ته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی به‌هۆی بوونی په‌یوه‌ندی به رێكخراوی داعش فه‌رمانی له سیداره‌دانیان بۆ ده‌رچوو.
ژان ئییڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی گووتی: "6 هاووڵاتی فه‌ره‌نسی له عێراق فه‌رمانی له سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه، به ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقمان گوتووه و ده‌یڵێینه‌وه كه ئێمه دژی سزای له سێداره‌دانین".
لۆدریان ده‌ڵێت: "400 تا 450 فه‌ره‌نسیش له ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی كورده‌كان له سووریا ده‌ستگیركراون، منداڵیشیان تێدایه. 100 فه‌ره‌نسی دیكه هێشتا له‌و ناوچانه‌ی پارێزگای ئیدلبی سووریا شه‌ڕ ده‌كه‌ن كه ده‌كه‌ونه ژێر كۆنترۆڵی "به‌ره‌ی رزگاركردنی شام" به‌ره‌ی نوسره‌ی پێشوو".
پێشتر عه‌بدولستار به‌یره‌قدار، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی ئه‌و 6 داعشه فه‌ره‌نسییانه‌ی پشتڕاستكرده‌وه و رایگه‌یاند: به مادده‌ی تیرۆر و ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی داعشه فه‌ره‌نسییه‌كان له سێداره ده‌درێن.
جه‌ختیشی كرده‌وه، "دادگای عێراقی ئێستا به نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی جیهان شه‌ڕی تیرۆر ده‌كات، به تایبه‌ت تیرۆرستانی داعش، به‌مه‌ش به حوكمدانی ئه‌و تاوانبار و تیرۆریستانه، جیهان له هزری داعش رزگاری ده‌بێت و به‌رپه‌رچی ده‌درێته‌وه".