نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا

نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لە کۆی 81 دەنگی پەرلەمانتاری ئامادەبووی پەرلەمان، 68 دەنگی بەدەست هێنا و بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 28/05/2019، پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و بە زۆرینەی دەنگ، نێچیرڤان بارزانیی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژارد.

هەر یەک لە فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نەوێ بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەکرد.

چەند لایەنێکی ژیان و پۆست و بەرپرسیارەتییەکانی نێچیرڤان بارزانی:

نێچیرڤان بارزانی لە حوزیران/ یۆنیۆى 2014 بە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا.

ڕابەرایەتی هەردوو کابینەی پێنجەم لە ماوەی نێوان 2006 تا 2009 و کابینەی حەوتەم لە 2012 تا 2014ى کرد، دەوری دەستپێشخەر وپێشەنگیی لە ژمارەیەک بەرەو پێشچوونی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان بینیوە.

نێچیرڤان بارزانی، نەوەی ڕابەری نەتەوەیی کورد و دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، مستەفا بارزانییە، لە ساڵی 1966 لە دێی بارزان لە دایك بووە. كوڕی ئیدریس بارزانی یه‌، كه‌ سەرکردەیەکی پێشەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو و ژیانی لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەکانی میللەتی کورد به‌خت كرد.

لە ساڵی 1975، نێچیرڤان بارزانی و خێزانەکەی، لەگەڵ دەیان هەزار کوردی عێراق، ڕۆیشتن بۆ ئێران بۆ ڕزگاربوونیان لە چەوسانەوەی ڕژێمی بەعسی عێراق. چالاکانە بەشداربوو لە کاروباری سیاسی کورد و بە خێرایی بە ناو پلەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرزبۆوە.

لە کۆنگرەی دەیەم لە ساڵی 1989 بۆ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراو لە کۆنگرەكانی دواتر دووبارە هەڵبژێردرایەوە. لەساڵی 1996، بە جێگری سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دوا بە دوای هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێم لە ساڵی 1992 دامەزرێندرا.

لە ساڵی 1999 بە سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا.

لە ئازاری 2006، بۆ ڕابەرایەتی کردنی کابینەی پێنجەم هەڵبژێردرا، كە یەکەمین کابینەی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

سەرۆک وەزیران، هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستانە.

وەک سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان، خاوەنی ژمارەیەک دەستپێشخەری ستراتیژی بووه کە ئامانج لێیان باشترکردنی ئاستی بژێوی و کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووریە لە هەرێمی کورستان. لە نێوانیاندا، گرتنەدەستی سیاسەتێکیی پتەوی سامانە سروشتیەکان، پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و ڕامیاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێکهێنانی ئابووریەکی پتەوی ناوخۆیی، پەرەپێدانی وەبەرهێنانی دەرەکی، بەرگریکردن لە مافی ئافرەتان، پەرەپێدانی خوێندنی بنەڕەت و باڵا، ئاوەدانکردنەوەی تەواوی ژێرخانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تۆڕی کارەبا، بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، نیشتەجێبوون و تۆڕی ڕێگاوبان.

به‌ یه‌كێك له‌ ئەندازیاره‌ سەرەکییه‌كانی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. نێچیرڤان بارزانی هاوسەری نەبیلە بارزانییە و سێ کوڕ و دوو کچی هەیە. زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی پاراوە و زمانی عەرەبیشی باشە. خولیای شیعر و ئەدەبی کوردی و فارسیە.

H.J