ئاسایشی پارێزگاكانی عێراق ناجێگیره و تا دێت ناسهقامگیرتریش دهبن
"داعش تاكە مەترسییە"
K24 - ھەولێر
ھەرچەندە ھێزە ھاوبەشەكانی عێراق، بەردەوام پرۆسەی سەربازی و ئەمنی لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات ئەنجام دەدەن، بەڵام تا ئێستا دۆخی ئەمنیی لە چەندین پارێزگا ناجێگیرە.
لە بارەی تەقینەوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و ئاڵۆزییەكانی شارەكەش، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، داعش تاكە مەترسیی كەركووكییەكان و عێراقە بەگشتی.
سەرەڕای پرۆسە بەردەوامەكانی ھێزە ھاوبەشەكانی عێراق، لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات، بۆ سەقامگیركردنی دۆخی ئەمنی، بەڵام تا ئێستا چەندین پارێزگای وەك، كەركووك، سەڵاحەدین، دیالە، ئەنبار و نەینەوا، دۆخی سەقامگیرییان بەخۆیانهوە نەبینیووە.
ھەر لە بارەی تەقینەوەكانی ئەم دواییەی شاری كەركووك و ئاڵۆزییەكانی شارەكە، عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئۆباڵی ھەموو ئەمانە دەخاتە ئەستۆی داعش و راشیگەیاند "ناكۆكیی نێوان پێكھاتەكان ھەرچەندێك بن، قابیلی چارەسەركردنن".
عادل عەبدولمەھدی، گوتی: "داعش تاكە دوژمنە لە كەركووك، لە سەڵاحەدین و دیالە و ناوچەكانی دیكەی عێراق، ھەر جیاوازییەك لە بیروبۆچوونەكانمان ھەبێت، ھەموویان قابیلی چارەسەركردنن، جیاوازی لە بیروبۆچوونی سیاسی، لە كولتووری جیاجیای پێكھاتەكان ههیه، بەڵام نابێت، جیاوازییەكان زیاتر لە قەبارەی خۆیان گەورەتر بكەین".
دۆخی پارێزگا ھاوسنوورەكەی كەركووكیش، دیالە زۆر باشتر نییە. سادق حوسەینی، سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی لە پارێزگای دیالە، داوای لە حكوومەتی بەغدا كرد، ھێزی زیاتر رەوانەی پارێزگاكەیان بكات، بە تایبەت دوای زیادبوونی كردەوەكانی داعش، لە ناوچەكانی گوندی ئەبو خەنازیر سەربە شارەدێی ئەبی سەیدا، كە لە چەند رۆژی رابردوودا 6 كەس لەو ناوچەیە كوژران و 4 كەسی دیكەش بریندار بوون.
سەبارەت بە ئەنباریش، سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لە بۆردوومانێكی فڕۆكەكانی ھاوپەیماناندا بۆ سەر ناوچەیەكی رۆژھەڵاتی قەزای روتبە لە رۆژئاوای پارێزگاكە، 4 چەكداری داعش كوژران، ھاوكات لە باكووری بەغداش 3 كەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كران، كە نیازی ئەنجامدانی تەقینەوە و كردەوەی توندوتیژییان ھەبووە.
ھ.م