بۆ یه‌كه‌مجار پارێزگای ھەولێر ده‌بێته‌ ئەندامی رێکخراوی نێودەوڵەتی شارەکانی فرانکوفۆن

سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ سوپاسی به‌شداری شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

لە 89ـه‌مین کۆنگرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی شارەکانی فرانکوفۆن لە شاری کیگالی پایتەختی رواندا، بە کۆی دەنگ ھەولێر بە ئەندامی رێکخراوەکە پەسەند کرا و بۆ یه‌كه‌م جار شاندێك به‌ سه‌رۆكایه‌تی نه‌وزاد هادی، پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كرنگره‌كه‌دا به‌شداره‌.

له‌ كاتی به‌شداریكردنی له‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان 24، نه‌وزاد هادی له‌ شاری كینگالی روانداوه‌ گوتی: له‌سه‌ر پێشنیاز و داواكاری سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس، كه‌ پێشتر سه‌ردانی هه‌ولێری كردبوو شاری هه‌ولێر وه‌ك ئه‌ندام له‌و رێكخراوه‌ په‌سه‌ندكرا.

هه‌وره‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی له‌ شاری هه‌ولێر هه‌ن، یارمه‌تیده‌ربوون بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ندام له‌و رێكخراوه‌، له‌وانه‌ش كولتووری پێكه‌وه‌ژیان، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له‌ شاری هه‌ولێر هه‌یه‌، هۆكاری سه‌ره‌كی بوون بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت ئهو نازناوه‌ی پێ بدرێت.

نەوزاد ھادی پەرێزگاری ھەولێر و عه‌لی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە فەرمی بانگهێشتی کۆنگرەکە کرابوون.

ئان ھیدالگو سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی شارەکانی فرانکوفۆن سوپاسی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کرد، کە بۆ یەکەمینجار بەشداری کۆنگرەکە دەکەن و بە پێویستیزانی، شاری ھەولێر ببێتە ئەندام و پەیوەندی له‌گه‌ڵ شارەکانی دیکەی جیھان درووست بكات.

له‌به‌رامبه‌ریشدا نەوزاد ھادی پارێزگاری هه‌ولێر سوپاسی سەرۆك و ئەندامانی رێکخراوەکەی کرد، بۆ وەرگرتنی ھەولێر وەکو ئەندام له‌ رێكخراوی نێودەوڵەتی شارەکانی فرانکوفۆن.

رێکخراوی نێودەوڵەتی شارەکانی فرانکوفۆن لە 194 شار لە 51 وڵاتی جیھان پێکدێت، ئامانجیان یارمەتیدانی یەکترە لە ھەموو بواره‌كانی ژیان لە نێوان شارەکانی ئەندام له‌ رێكخراوه‌كه‌، بارەگای سەرەکی رێکخراوەکەش لە شاری پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسایه‌.

H.B