محەمەد حاجی مەحموود تكایەك لە پارتی و یەكێتی دەكات
"پۆستی وەزیر و پارێزگارێك نەبێتە ھۆكاری بۆ پشتگوێخستنی پرسە گرنگەكان"
K24 - ھەولێر
سکرتێری حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەم دوو رۆژە ماوە بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێم، پێویستە گفتوگۆی جدی لەنێوان پارتی و یەكێتی ئەنجامبدرێت و تكا دەكات ھەردوولا پێكەوە لەوێ كۆببنەوە و پۆستی "وەزیر و پارێزگارێك"، نەبێتە ھۆكار بۆ پاشگوێخستنی پرسە سەرەكیی و گرنگەكانی دیكەی گەلی كوردستان.
لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و رێككەوتنی لایەنەكان. محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەلومەرجی ئێستای ناوچەكە ھەستیارە و كورد پێویستی بە یەكگرتن و یەك ھەڵوێستی ھەیە، بە تایبەتی رێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی گرنگە".
گوتیشی: "بە بڕوای من پۆستی پارێزگارێك و پۆستەكانی دیكە، بە قەد دۆزی میللەتێك گرنگ نییە، كە 10 مانگ بەسەر ھەڵبژاردن دا تێپەڕێت و حكوومەت پێكنەھێنرێت، پێویستە پارتی و یەكێتی ھەنگاوی باشتر و كاریگەرتر بنێن بۆ پێكھێنانی حكوومەت، بۆ ئەوەی ھەموومان بە ئاسوودەیی پێكەوە بژین، جگە لە رێككەوتن ھیچ بەدیلێكی دیكەی باش نییە".
محەمەد حاجی مەحموود، راشیگەیاند: "پێویستە متمانە بۆ پەیوەندی نێوان لایەنەكان بگەڕێتەوە، ئەوكاتە گرنگ نییە ھەموو كێشەكان بە پێكەوە بە پاكێجێك چارەسەر بكرێن".
ئاماژەی بەوەشدا: "لەكاتی كۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمانی كوردستان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەركردە و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی لەسەر خەت بووم، بڕیاربوو ھەموو پەرلەمانتارانی یەكێتی بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكەن، بەداخەوە دوای كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی دۆخەكە بە ئاقارێكی دیكەدا چوو".
محەمەد حاجی مەحموود، گوتی: "داوا لە پارتی و یەكێتی دەكەم كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن، بۆ ئەوەی ئەو دڵراوكێیەی لەنێو خەڵكی كوردستان ھەیە نەیھێڵن. لەم دوو رۆژەی داھاتوو دەرفەتێكی دیكە ھەیە دەتوانن گفتوگۆ بكەن، بۆ ئەوەی بگەن بە ئەنجامێكی باش و دڵی خەڵك خۆش بكەن، دڵنیابن خەڵكی كوردستان دڵخۆش نییە بە دواكەوتنی پێكھێنانی كابینەی حكوومەت و شەڕە قسەی راگەیاندنەكان، بەڵكو خەڵك داوای خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی دەكات".
دەربارەی بەشداریكردنی یەكێتی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كە 10ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت محەمەد حاجی مەحموود، رایگەیاند: "ئەمڕۆ و سبەی زۆر ھەستیارە بۆ ھەموو لایەك، بەشداریكردنی یەكێتی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێم گرنگی و كاریگەری خۆی دەبێت، بۆیە داوا لە خوشك و برایانم لە سەركردایەتی یەكێتی و پارتی دەكەم، دووسبەی پێكەوە كۆببنەوە، دواتر دەتوانن لەسەر وردەكارییەكان گفتوگۆ بكەن، نابێ پۆستی وەزیرێك و پارێزگارێك ببێتە ھۆكار كە پرسە گرنگەكانمان بیربچێت، بۆیە جارێكی دیكە تكایان لێدەكەم لە رێوڕەسمی سوێندخوارنی سەرۆكی ھەرێم ھەموویان پێكەوە كۆببنەوە".
سکرتێری حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان، نیگەرانی خۆشی لە خراپی پەیوەندیی نێوان حزبەكانی كوردستان دەربڕی و گوتی: "لەم دۆخە ھەستیارەدا ھیچ گفتوگۆیەك لەنێوان لایەنەكان نییە، لەگەڵ ھەندێك سەركردەی حزبەكان، تەنھا ئەگەر لە پرسە و بۆنەكان یەكتر ببینین، پێویستە لەم كاتەدا گفتوگۆ دانیشتنمان زیاتربێت، پێویستە ئەنجوومەنێك دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ھەموو ھێزە كوردییەكان كۆبكاتەوە".
ھ.م