لایه‌نه عێراقییه‌كان هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن و عادل عه‌بدولمه‌هدیش به‌ڵێن ده‌دات
لابردنی بڕگەی دەنگدان لە سەر تەواوکردنی کابینەى حکوومەتى عێراق كاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێنا
K24- به‌غدا:
لابردنی بڕگەی دەنگدان لە سەر تەواوکردنی کابینەى حکوومەتى عادل عه‌بدولمه‌هدی لە خشتەی کاری پەرلەمان، کاردانەوەی توندی ھەریەك لە ھاوپەیمانی سائیرون، فەتح و نەسڕی به‌دوای خۆیدا هێنا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئه‌و لایه‌نانه ھەڕەشەی ھەڵوێست گۆرینیان دەکرد، بەرامبەر بە ئەنجوومەنی وەزیران.
بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە و ئەو فشارانەش کە لە سەریەتی، عادل عەبدولمەھدی بە پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، لەم ھەفتەیە ناوی کاندیدەکانی بە فەرمی دەداتە ئەنجوومەنی نۆێنەران، تاوەکو دەنگیان لە سەر بدرێت.
له لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، فالح زيادى, په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی نه‌سر له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "ئێمە بەشداری لە ھیچ پرۆژه‌یه‌كی پشکداری و نادەستوری ناکەین، سەرۆك وەزیرانمان سەرپش کرد لە پێک‌ھێنانی حکوومەت و پاڵپشتیشی دەکەین، ئەگەر ھاتوو سەرۆك وەزیران پێچەوانەی بەڵینەکەی بوو، پشکپشکێنەی کرد, ئێمەش دەنگ بە کاندیدەکانی نادەین".
هاوكات حەسەن شاکر، سه‌رۆكی كوتله‌ی به‌در له په‌رله‌مانی عێراق به كوردستان 24 راگه‌یاند، "ئێمە وەك کوتلەی بەدر لە پشکی خۆمان خۆش بووین و داوا لە ھەموو لایەك دەکەین، ئەوانیش دۆخەکە لە بەرچاوبگرن، بەو ئامانجەی کۆتایی بە دۆسیەی وەزارەتەکان و بەڕێوەبردنی پۆستەکان بە وەکالەت بھێنین، داوا لە سەرۆك وەزیرانیش دەکەین، پابەندی كارنامه‌ی حکوومەت بێت و وەزیرەکانی پێشکەش بکات".
فالح ساری، سه‌رۆكی كوتله‌ی حیكمه‌ش جه‌خت ده‌كاته‌وه: "ئێمە له کوتلەی حیکمە کۆمەڵێك تێبینیمان لە سەر ئەدای حکوومەت ھەیە، خاڵە لاوازەکانمان دەستنیشان کردووە، بە تایبەت له بواری خزمەتگوزاری، بەره‌نگاربوونەوەی گەندەڵی، لاوازی ئاسایش و پەیوەندی لەگەڵ ھەرێمدا، بۆیە دوای کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری بانگھێشتی وەزیرە کەمتەرخەمەکان ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ ئەوانەی گومانی گەندەڵیان لێدەکرێت".
ماوەی 8 مانگە به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه‌كان، کاندیدی ھەریەك لە پۆسته وەزارییه‌كانی ناوخۆ، بەرگری، داد و پەروەردە یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه.
H.B