گۆڕان ناوی وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی نوێ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه
سبه‌ینێ جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌كه كۆده‌بێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ناوی 4 وه‌زیر بۆ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی پێنجشه‌ممه 27/6/2019 له شاری سلێمانی كۆده‌بێته‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ناوی ئه‌و چوار كاندیده یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه كه بڕیاره له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی پۆستی وه‌زاره‌ت وه‌ربگرن.
هه‌روه‌ها له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا 11 كاندید كه له لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه به سه‌رۆكایه‌تی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه ئاماده كراوون، گفتوگۆ له‌سه‌ر سیڤییه‌كانیان ده‌كرێت و 4 كه‌سیان بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی راده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی هه‌رێمی كوردستانی بكه‌ن.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا خاوه‌نی 12 كورسییه و به‌شداریی له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تدا ده‌كه‌ن.
به مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كابینه‌كه و راده‌ستكردنی ناوی كاندیده‌كانی پۆسته وه‌زارییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، رۆژی 17/6/2019، مەسرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراوی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، سه‌ردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانیان لە سلێمانی كرد له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای گۆڕان كۆبوونه‌وه.
مه‌سرور بارزانی له سه‌رجه‌م دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شداریی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێش واده‌ی دیاریكراو پێكهاته‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه به‌رده‌می په‌رله‌مان و چاوه‌ڕوانی لایه‌نه‌كانن ناوی كاندیده‌كانیان راده‌ست بكه‌ن.