"دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژن و منداڵان لە عێراق زیادیكردووە"

لەماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتی داعش لە ھەندێك ناوچەی عێراق زیاتر لە سێ ھەزار ژن رفێنراون

K24 - بەغدا

توندوتیژی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچانی خوار 18 ساڵ لە عێراق زیادیکردووە، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەوانەی رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە ناتوانن سکاڵا تۆمار بکەن. لە کاتی داگیرکارییەکانی چەکدارانی داعشیش ئەو گرووپە تیرۆرستییە توندوتیژی سێکسیان کردبووە ئامرازی شەڕکردنیان.

ئەمساڵ رۆژی بەرەنگابوونەوەی توندوتیژی سێکسی لە عێراق بایەخی پێدارا، لەو رۆژەدا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی ئافرەتان، دەیان جۆر چالاکیان ئەنجامدا، داتای ھێرشکردنە سەر جەستەی ئافرەتان و مەترسی و ھۆکارەکانی دەخەنەروو، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند "تاکە گرووپی تێکدەر لە مێژووی مرۆڤایەتی چەکدارانی داعش بوون، کە توندوتیژی سێکسیان کردبووە ئامرازی شەڕکردن".

ئەلیس بۆل، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتی: "داعش توندوتیژی سێکسی وەک چەکێک دژی ژنان بەکارھێنا، كه‌ پێشتر بەو ئاستە و شێوازە رووینەدابوو. دەتوانین بڵێن بەکۆیلەی سێکسی کردنی ژنان شتێکی نوێ بوو لەم سەردەمە مۆدێرنەدا".

جیا لەوەی چەکدارانی داعش توندوتیژی سێکسیان دەکردووەتە سەر ژنانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، ھاوکات لە عێراق جۆرەکانی دیكەی توندوتیژی سێکسی تەشەنەی کردووە و رەگەزی مێینە بە گشتی و بەتایبەت کچانی خوار 18 ساڵ رووبەڕووی رفاندن و کوشتن و دەستدرێژی کردنە سەریان دەبنەوە.

فەیروز حاتم، یەكێكە لە رۆژنامەنووسە ئافرەتەكانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای ساڵێک دوو ساڵ لە داگیرکارییەکانی داعش لە عێراق بەداخەوە ئەبینین حاڵەتەکانی دیكەی توندوتژی سێکسی دژ بە ژنان زیادیانکردووە، بە تایبەت لە ناوچە جێگیرەکانی وەک ناوەڕاست و خواروی عێراق کە دەستدرێژی دەکرێتە سەر مناڵان و ژنان".

لە ماوەی سێ ساڵی سەرھەڵدانی چەکدارانی داعش سێ ھەزار و 547 ئافرەت لە عێراق رفێندران و ھەزار و 84ی دیكەش ئاواربوون و ھەڵھاتوون، ھاوكات ھەزار و 655 ئافرەتی دیكەش بێسەروشوێن بوونە.

ھ.م