داوای وردبینی لە سیڤی وەزیر و پلە باڵاكانی كابینەی نوێ دەكرێت
دەستەی دەستپاكی نووسراوێك ئاراستەی پەرلەمان دەكات
K24 - ھەولێر
دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، داوایان لە پەرلەمان كردووە بۆ وردبینی كردن لە سیڤی ئەو كەسانەی بۆ پۆستی وەزیر و پۆستە باڵاكان كاندید دەكرێن.
دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی ژمارە 5/113 رۆژی 23ی حوزەیرانی 2019 ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی كردووە و تیایدا هاتووە: "یەكێك لە ئەركەكانی دەستەی دەسپاكی چەسپاندی بنەماكانی دەسپاكی و دڵسۆزییە لە كەرتی وەزیفەی گشتیی لە هەرێمی كوردستان، لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستان دەستە لەسەر داوای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان وردبینی كرد لە ناوی سەرجەم كاندیدەكانی لیستەكان بۆ پەرلەمان. داوا لە بەرێزتان دەكەین كە كاندیدی پۆستە وەزاریەكان و سەرجەم پلە باڵاكان بخرێنە بەردەم دەستە بۆ ئەوەی وردبینی لە (سی ڤی) یەكانیان بكرێ هاوشێوەى بەغدا كە هیچ دامەزراندنێك ناكرێ بەبێ رای دەستەی دەسپاكی عێراق كە دەبێتە هەنگاوێكی گرنگ لەسەر پڕەنسیپی دڵسۆزی و دەسپاكی. سەبارەت بهو كەسانەیش كە پۆستی باڵا لە هەرێم وەردەگرن پێویستە وابێت، چونكە كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر باشتربوونی رەوشی ئیداری و حكومڕانی لە كوردستان".
ھ.م