سێ دیاردەی گەردوونی روودەدات

كاتی دیاردەكان دیار دەكرێت

K24 - ھەولێر

فەلەكناسێك ئاشكرای دەكات، ئەمساڵ سێ دیاردەی گەردوون روودەدەن و دوو لەو دیاردانەش لە سەرەتا و ناوەڕاستی مانگی داھاتوو روو دەدەن. بە گوتەی ئەو فەلەكناسە، لە چەند رۆژی داھاتوودا دیاردەی خۆر و مانگ گیران روودەدات و دواتریش خۆرگیران كە لە ھەرێمی كوردستان دەبینرێت.

رێبەر رۆستەم، سەرۆكی یەكێتی فەلەكناسی عەرەبی - ئەفریقی لقی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتا مانگی داھاتوو 2/7/2019 دیاردەی خۆر گیران لە جیھان روودەدات و لە قۆناخی یەكەمەوە تا كۆتایی مانگ گیرانەكە 4 كاتژمێر و 50 خولەك دەخایەنێت".

گوتیشی: "دیاردەكە لە كاتژمێر 16: 55 بە كاتژمێری جیھانی دەست پێدەكات، كە ئەوكاتە لە ھەرێمی كوردستان شەوە، بۆیە دیاردەكە نابینرێت، بەڵكو لە وڵاتانی چیلی و ئەرجەنتین و تەواوی وڵاتانی باشووری ئەمەریكا دەبینرێت".

 روونیكردەوە: "ئەو دیاردەیە دیاردەیەكی گەردوونییە و خۆر و زەوی دەكەونە سەر یەك ھێڵی مانگ دەكەوێتە سەر نێوان خۆر و زەوی بەمەش مانگ پێش خۆر دەگرێت و رێگە نادات رووناكی بگاتە سەر زەوی".

لەبارەی مانگ گیرانەوە رێبەر رۆستەم، گوتی: "لە شەوی 16-17-7-2019 دیاردەی مانگ گیرانی نیمچەیی روودەدات و لە كیشوەری ئاسیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و كوردستانیش دەبینرێت، تەواوی كاتی مانگ گیرانەكە 5 كاتژمێر دەخایەنێت، لە كاتژمێر09:38  خولەكی شەوی سێشەممە دەست پێدەكات تا كاتژمێر 02:15 خولەكی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت".

بە گوتەی سەرۆكی یەكێتی فەلەكناسی عەرەبی - ئەفریقی لقی كوردستان: "ھەر ئەمساڵ لە 26/12/2019 جارێكی دیكە دیاردەی خۆرگیران روودەدات و لە ھەرێمی كوردستان دیاردەكە دەبینرێت".

ھ.م