تۆپخانەكانی ئێران سنووری حاجی ئۆمەران و سیدەكانیان تۆپباران كردەوە
زیانی زۆری بە رەزوباخی گوندنشینان گەیاندووە
K24 - چۆمان
ئەمڕۆ جارێکی دیکە تۆپخانەکانی سوپای پاسداران ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان لە سنووری قەزای چۆمان و سۆران تۆپباران کردەوە.
تەیفور محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە ناوچەكە رایگەیاند: "کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تۆپخانه‌كانی ئێران کوێستانی بەردەسۆران و گوندی ئاڵانه‌یان له سنووری حاجی ئۆمەران-ی سه‌ر به‌قه‌زای چۆمان به‌چڕی بۆردوومانكردەوە، هه‌رچه‌نده زیانی گیانی بە دواوە نەبووە، به‌ڵام زیانی زۆری ماڵی لێكه‌وته‌وه و به‌هۆی تۆپبارانەكەوە ئاگر لە ره‌وزباخی گوندنشینان و پوش و پاوانی ناوچەكە كەوتووەتەوە".
پەیامنێرمان گوتیشی: "ھەر ئەمڕۆ تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، كوێستانەكانی بەربزین و کێلەشینیان لە دەڤەری برادۆست بە چڕی تۆپباران كردەوە".
ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێش تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ھەردوو سنووری سیدەكان و حاجی ئۆمەرانیان تۆپباران كرد، بەوھۆیەوە کچێکی 18 ساڵى بە ناوی زەیتون قادر شەھید بوو، دوو براشی بە ناوه‌كانى سیروان قادر تەمەن 23 ساڵ و ئیسماعیل قادر ته‌مه‌ن 14 ساڵى، به سه‌ختى بریندار بوون.
حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە راگەیەندراوێكدا نیگەرانی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوەشكرد "ھه‌رگيز رێگە نادات و به هيچ شێوه‌يه‌ك قبووڵ ناكات سنووره‌كانى بۆ هێرش و تێكدانى ئاسايشى وڵاتانى دراوسێ و كرده‌وه‌ى نابه‌رپرسانه به‌كار بهێنرێت، داواش لە کۆمارى ئیسلاميى ئێران دەکەین بۆردومانكردنى ناوچه‌كە ڕابگرێت و نه‌بێته هۆى دڵه‌ڕاوكێ و ده‌ربه‌ده‌ربوونى دانيشتووان".
ھ.م