پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك كۆده‌بنه‌وه‌

هه‌نگاوه‌كان چڕ ده‌كرێنه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

پارتی و یەکێتی بۆ دانانی ێژنه‌یه‌ك بۆ ئاسایکردنەوی دۆخی کەرکووك کۆدەبنەوە، بەرپرسێکی پارتیش ئاشکرای دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا لێژنه‌ی ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووك پێکدەهێنرێت، لیژنەکە دەچێتە کەرکووك بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەو شارە. دەشڵێت جگە لە دانانی پارێزگار، رێککەوتن لەسه‌ر ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووكیش دەکەن. بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت جگە لەو لێژنەی پارتی و یەکێتی، یەکێتی لێژنه‌یه‌كی به‌ ته‌نیاش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی کەرکووك پێکهێناوە.

دیاری حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاشكرای ده‌كات، تا بارودۆخی کەرکووك ئاسايی نەکرێتەوە هەڵبژاردنی پارێزگار کاریگەری نابێـت، لە بارەی کاتی دیاریکردنی ئەندامانی لێژنەکەش گوتی: لەو کۆبوونەوەیه‌ لێژنه‌ی هاوبەشی هەردوولا یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌.

له‌كاتێكیشدا دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی له‌سه‌ر دیاریکردنی کاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك، بەشێك لە عەرەبەکانی ئه‌و پارێزگایه‌ گردبوونەوە و درووشمی توندرەویان دژی کورد به‌رزكرده‌وه‌، ئەم خۆپێشاندانانە کاردانەوەی لێکەوتەوە و بە مەترسیش دەزانرێت بۆ دروستبوونی ئاژاوە لە نێو پێکهاتەکان، سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ش ئازاد جوڵا، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندیە گشتیەکانی یەکێتی دەڵێت: هەوڵێك بۆ تێکدانی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی ئه‌و شاره‌ له‌ ئارادایه‌ و ئاشكرای ده‌كات، له‌ ئاستی حزبەکەیان لێژنە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پێکهاتەکان و لایەنە سیاسیەکان پێکهێنراوە.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، یەکێك لە هێڵە گشتیەکانی كارنامه‌ى کابینەی نۆیەم گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەغدا بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەپرسانی پارتی و یەکێتیش دەڵێن: کارنامەی سەرەکی کابینەی نۆیەم ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووکە لە نێوان هه‌ولير و به‌غدا، بە تایبەت کارکردن بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 له‌ دەستووری عێراقى فیدراڵ.

H.B