خۆپیشاندانه‌كانی عێراق بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی حزبی به‌عس ده‌قۆزرێنه‌وه
به‌رزكردنه‌وه‌ی درووشم بۆ حزبی به‌عس و سه‌دام له خۆپیشاندانه‌كانی عێراق ده‌بێته دیارده
K24- به‌غدا:
وتنەوەی دروشم بۆ سەدام حوسێن و حزبی بەعس لەناو خۆپیشاندانەکانی عێراق دیارده‌یه‌كی سەیر، لێدوانی ئەو ژنەش کە لە ناو خۆپیشاندانێکی کەرکووك دەرکەوت و بێ سڵکردنەوە گوتی، "من نەك ھەر بەعسیم بەڵکو سەدامیشیم"، کاردانەوەی لەسەر ئاستی دەوڵەت بە دوای خۆیدا ھێناوە، جومگە ئیداریەکان کەتونەتە خۆیان و مەترسی سەرھەڵدانەوە و گەرانەوەی حزبی بەعس و گرنگی یاسایی ژمارە ٣٢ی ساڵی ٢٠١٦ی ئەنجوومەنی نۆێنەران، بە گوێی خەڵكدا دەدەن، کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی حزبی بەعس و رەواجدان بەو حزبە.
ئەحمەد عەباس، بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری حزبەکان ئاشكرای ده‌كات، "دەست به چه‌ندین چالاكی کراوە بۆ پێناسەی یاسای قەدەغەکردنی حزبی بەعس، کە ناوەڕۆکەکەی باس لە قەدەغەکردنی ئایدۆلۆژیا و بایه‌خدان بەو حزبە و سزاکانی دەکات".
هه‌وره‌ها ده‌ڵێت: "بڕگەکانی ئەو یاسا گرنگە بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەوانەی بیری توندڕەوی و مەزھەبگەریان ھەیە".
لای خۆشیه‌وه موهه‌نده مسته‌فا، بەپرسی راگەیاندنی ئۆفیسی بەغدای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان نایشارێتەوە، چەند جارێك حزبی بەعس ھەوڵی داوە بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق کاندیدی ھەبێت، بەڵام لە لایەن فەرمانگەی کاروباری حزبەکانەوە ئەو کەسانە ئاشکرا کروان و دورخراونەتەوە، چونکە بە گوێره‌ی یاسا ئەو حزبە و ھاوبیرەکانی لە کایەی سیاسی و حوكمڕانی قەدەغەکراون.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، "لایه‌نه‌كانی لێپرسینه‌وه و دادوه‌ری و ریشه‌كێشكردنی به‌عس، ناوی كاندیده‌كان ره‌وانه‌ی به‌ڵگه و تاوان ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕێی وڵام ده‌بن، هه‌ر یه‌كێك له كاندیده‌كان كێشه‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌بێ، دوور ده‌خرێته‌وه، پێشتریش به‌شێك له كاندیده‌كان كێشه‌یان هه‌بووه و دوور خراونه‌ته‌وه".
باس و خواسی ئه‌م بابه‌ته دوای ئه‌وه هاتووه چەند جارێکە لە ناو خۆپیشاندانی ھاولاتیان و گردبوونەوەکانی قوتابیانی زانکۆ لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی بەسڕا، کەربەلا، نەجەف و کەرکووك درووشم بۆ سەدام حوسێن و حزبی بەعس وتراونەتەوە، ئەمەش دوو خۆێندنەوەی بۆ دەکرێت، ھەندێك پێیانوایه ئەو کەسانە بەعسین و ده‌یانه‌وێت بیر و ھزری توندڕەوی زیندوو بکەنەوە، ھەندێکی دیكه‌ش دەلێن: وتنەوەی هوتاف و درووشم بۆ حزبی بەعس، دژ بە دەسەڵات و حوكمڕانی ئێستایە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە نەیانتوانیوە ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی عێراق فەراھەم بکەن.
H.B