ئەمەریکا و ئێران لێدوانی جیاواز لەبارەی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بڵاودەکەنەوە
"ئەمەریکا فڕۆکەیەکی خۆی بە هەڵە خستووەتە خوارەوە"
K24 – ههولێر:
وتەبێژی ھێزە چەكدارەكانی ئێران تێكشكانی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمەریکاوە رەتدەكاتەوە و ئەمەریکاش سوورە لەسەر ئەوەی، فڕۆکەیەکی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە.
بەیانی ئەمڕۆ 19/07/2019، ئەبولفەزل شكارچی، وتەبێژی ھێزە چەكدارەكانی ئێران وێرای پشتڕاستكردنەوەی ئۆپەراسیۆنی چاودێریكردنی ئاوەكانی کەنداو، لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمەریكا و وەزارەتی بەرگری ئەمەریكاشی لەبارەی تێكشكاندنی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی لە نزیك كەشتی جەنگی یو ئێس ئێس باكسەر رەتکردەوە.
شکارچی رایگەیاند :"ھەموو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئێران لەژێر كۆنترۆڵی ھێزەكانیان دایە و دوای پشكنینی وردی ناوچەكە و كەشتیە جەنگیەكە، فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكەیان بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە و كەشتی باكسەر ھیچ بەرگریەكی نەكردووە.
وتەبێژی ھێزە چەكدارەكانی ئێران راشیگەیاندووە كە لێدوانەكانی ترامپ بە مەبەستی تێكدانی ئاسایشی ئاوەكانی كەنداو و گەرووی ھورموزە.
لای خۆیشیەوە، عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ئەمەریکا فڕۆکەیەکی خۆی بە هەڵە خستووەتە خوارەوە و هیج فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی زیانی بەر نەکەوتووە.
BBC
France24
H.J