توندوتیژی دژی پیاوان لە ھەرێمی كوردستان كەم بووه‌ته‌وه
"لە شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵەوە 23 پیاو خۆیان كوشتووە"
K24 - سلێمانی
بەپێی ئامارەكان لە شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵەوە، توندوتیژی دژی پیاوان لە ھەرێمی كوردستان كەمی كردووە، ژمارەیەك چالاكی بواری ژنانیش باوەڕیان بە ئامارەكانی توندوتیژی دژی ژنان نییە.
توندوتیژی دژ به ئافره‌تان به‌رده‌وام باسی گه‌رمی كۆمه‌ڵگه و میدیا بووه و له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی و رێكخراوه مرۆیی و مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه كاریان له‌سه‌ر كراوه، بەڵام توندوتیژیی بەرامبەر بە پیاوان کەمتر بووه‌ته باس و پرسی كۆمه‌ڵگه و ده‌زگا راگه‌یه‌ندنه‌كان. بە گوێرەی ئامارەکانیش، به‌راورد به ساڵانی رابردوو، رێژەی توندوتیژییەکان كه‌م بوونه‌ته‌وه و رێکخراوی یەکێتیی پیاوان ئاماژە بە كەمبوونەوەی رێژەی توندوتیژیی دژ به پیاوان دەدات، ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسی و باشتربوونی باری دارایی‌ش به هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان ده‌زانێت.
بورھان عه‌لی فەرەج، سکرتێری رێکخراوی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵەوە، بەراورد بە شەش مانگی ساڵی رابردوو، حاڵەتەكانی توندوتیژی كەمیان كردووە، بەجۆرێك لە شەش مانگی ساڵی 2018، 26 حاڵەتی خۆكوشتنی پیاوان ھەبوو، بەڵام لە شەش مانگی ئەمساڵدا 23 حاڵەتی خۆكوشتن تۆمار كراوە".
گوتیشی: "باری ئابووری و نەمانی تەنگەژە سیاسییەكان، ھۆكارن بۆ كەمبوونەوەی توندوتیژی خێزانی".
ھەرچی رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنانن، ئاماژە بە ھەڵکشان و بەردەوامبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان ده‌كه‌ن، ھێشتا ئاستی توندوتیژییه‌كان بە مەترسی ناو دەبەن، ھەندێک لە ژنانیش ھاوڕانین لەگەڵ ئامارەکان و پێیان وایە جیاوازی ھەیە لەنێوان ئاماری توندوتیژییەکان دژ بە ژنان لە رێکخراوەکان و بەرێوەبەرایەتییەکان.
کنێر عه‌بدوڵڵا، نووسه‌ر و راگه‌یه‌ندكار دەڵێ: "نەبوونی سەرچاوەی داتایی لە دەسەڵاتی حوكمڕانییەوە، یەكێكە لە گرفتەكان، ئەشێ كەمكردنەوە و زیادكردن لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە جیاواز بێت، بەڵام لە راستیدا كۆمەڵێك ئاماژەی بنەمایی ھەن، كە پێمان دەڵێن ئامارەكانی توندوتیژی لە ھەڵكشان دان".
ژمارەیەك لە چالاک و شارەزایانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ئاماره‌كان به سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو ده‌زانن و پێیانوایه هۆكاری زۆر هه‌ن بۆ توندوتیژی، به پێویستیشی ده‌زانن كاری جیددی‌تر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی توندوتیژییه‌كان كه‌متر بكرێنه‌وه.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە شەش مانگی رابردوودا 25 حاڵەتی خۆکوشتنی ئافره‌تان و 23 حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان تۆمار كراوه. هه‌روه‌ها 18 حاڵەتی کوشتنی ئافره‌تان و 4 حاڵەتی کوشتنی پیاوان ھەبووە.
هه‌ر لە شەش مانگی رابردووی ئەمساڵدا 388 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە پیاوان تۆمار كراوه، به‌ڵام له ساڵی رابردوو 411 حاڵەت تۆمار كرابوو.
ده‌رباره‌ی توندوتیژیی و سكاڵاكانی ئافره‌تانیش، له شه‌ش مانگی رابردووی ئه‌مساڵدا 4077 حاڵەت تۆمار کراوە.
ھ.م