ئایا پاڵه‌وانێتی نۆروه‌ی كه‌پ فه‌رمییه‌؟

ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ كامانه‌ن كه‌ به‌شدارییان له‌و پاڵه‌وانێتییه‌ كردووه‌

نووسینی: نه‌ورۆز شێخ عوسمان

ئێمە وەکو کورد لە بڕیاردان پەلە دەکەین، بەخێرایی دەچینە ناو دەریای هەڵسەنگاندن و دواتر مەلەکردنمان بەرەو کەنار قورس دەبێت، کەسێک هەڵسەنگاندنێک دەکات بەخێرایی و کتومت دەبێتە گاڵتەجاڕی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هۆکارەکە ئەوەیە دەکەوینە ژێر کاریگەری کەسان و میدیای ترەوە و بەیانی لەخەو هەڵدەستین پێچەوانەکەی پشتڕاست دەکرێتەوە.

لەم مونتەڵەقەوە حەزمکرد تەنها ڕوونکردنەوەیەکی بچووک بە هاوڕێکانم بدەم.

چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باسوخواس لەسەر هەڵبژاردەی لاوانی کوردستانە لە جامی نەرویج کە بە (نۆروەی کاپ) ناودەبرێت، ئەم بۆنە وەرزشییە شتێکی هاکەزایی نییە، بەڵکو ئامانج لێی پێگەیاندنی لاوان و دەرخستنی بەهرەکانە، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەنجام دەرێت، پاڵەوانێتیەکە لەلایەن یانەی (Bækkelagets SK) ڕێکدەخرێت، لەڕووی ڕێکخستنەوە ١٦٠٠ ئەندامی یانە و ٢٦٠٠ خۆبەخش کار لەسەر ڕەوتی بەڕێوەچونی پاڵەوانێتیەکە دەکەن، خۆبەخشان بەنزیکی ٦٠ هەزار کاتژمێر بێبەرامبەر خزمەت بە تیمە بەشدارەکان دەکەن.

ئەو تیمانەی بەشداری دەکەن مەرج نییە هەڵبژاردەی فەرمی و نافەرمی وڵاتێک بن، بەڵکو بەشداران داوا دەکەن و داوەتنامەیان بۆ دێت و بە (ڤیزای شنگن - visa schengen) دەچنە ئۆسلۆ، خولەکەش لە قۆناغی کۆمەڵەکانەوە بۆ دووجار "پلەی ئۆف" بچوک دەبێتەوە (یاریی چون و گەڕانەوە).

ئایا پاڵەوانێتیەکە نێودەوڵەتیە؟

بەڵێ نێودەوڵەتیە و جامی ژمارە (٤٧) لەئێستادا ئەنجام دەدرێت لە ٢٧/٧ دەستی پێکردووە و لە ٣/٨ کۆتایی دێت، گەورەترین تۆرنامێنتی لاوانە لەجیهاندا و چەندین تیپ بەشداری تێدا دەکەن (منداڵان و لاوان، کچان و کوڕان) کە بە (٣٠ هەزار) یاریزان مەزەندە دەکرێن.

یانەیەکی وەک (Bækkelagets SK) تەنها ئەوەندەی لەتوانادایە لەڕووی مرۆیی و بونیادی وەرزشییەوە، لێرەدا مەبەست ئەنجامدانی مۆندیال و کۆکردنەوەی سەدان هەزار هاندەر نییە، بەڵکو ئامانج و تێڕوانینی ڕێکخەرانی جامەکە لەپێناو چێژبەخشین و هاوڕێیەتی گەلان و دەرخستنی توانستی لاواندایە، لەڕووی وەرزشیشەوە دەکرێت گەوهەرە بەشدارەکان ناوبانگ دەربکەن و بەرەو سەر هەنگاو بنێن، بۆ نمونە: هەر لەم جامەدا چەندین ئەستێرەی ناوداری بواری تۆپی پێ لە نمونەی (ئولی گۆنار سۆڵشایەر و جۆن کاریو) لەتەمەنی منداڵیدا بەشداریان تێدا کردووە.

ئەمساڵ پاڵەوانێتیەکە چۆن دەبێت (گرووپەکان)؟

وەک لە وێنەکەدا دیارە، تیپەکانی لاوان پێکهاتوون لە (٦٣ تیپ) کە بەسەر (١٦) گرووپدا دابەشکراون، جگە لە شەش تیپ تەواوی تیپە بەشدارەکانی تر سەر بە وڵاتی نەرویجن.

هەڵبژاردەی لاوانی کوردستان دەکەوێتە گروپی یەکەمەوە و تائێستا دوو یارییان بردۆتەوە و یارییەکی بەهێزیان لەگەڵ باشترین ڕکابەری کۆمەڵەکەیاندا ماوە (تائێستا کوردستان یەکەمی گروپەکەی خۆیەتی و لە یاریگاکانی ئیکیبێرگ و ڕوستات یارییان کردووە)، ئەگەر لەم گروپانەدا سەربکەوێت (یەکەم و دووەم سەردەکەون) ئەوا دەگاتە قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی (پلەی ئۆف ١ و ٢) و دەتوانێت بەرەو فاینەڵ هەنگاو بنێت.

هەڵبژاردەی کوردستان بەشداری لە کێبڕکێکانی لاواندا کردووە بۆ لەدایکبووانی (٢٠٠٠ و بەرەوسەر)، (١١٣٠) یاریزان بەشدارە و (١٥٥) یاریی ئەنجام دەدرێت، وەک پێشتر ئاماژەم بۆکرد جامەکە لەلایەن یانەیەکەوە ڕێکدەخرێت و ئەو یانەیەش بە هاوکاری چەند ئۆرگانێکی تر هەر ئەو یاریگایانە شک دەبەن، خودی پاڵەوانێتیەکەش هێندە کاریگەر نییە تا یاریگای یانەکانی ڕۆزنبۆرگ و مۆڵدەیان بۆ تەرخان بکرێت.

لەڕووی یاساییەوە، یاسا بەکارهاتووەکان هەمان ئەوانەن کە یەکێتی تۆپی پێی نەرویج لە خول و جامە ناوخۆییەکاندا پەیڕەوی دەکات، جگە لە یاسا سەرەکیەکان چەندین یاسای تایبەت و سەیر لەم جامە پەیڕەو دەکرێت، بۆنمونە: دەتوانیت سود لەهەموو یەدەگەکان وەربگریت و بەبێ سانسۆر ئاڵوگۆڕ ئەنجام بدەیت، تەنانەت ئەو یاریزانەش کە داتنیشاندووە دەتوانیت بیگەڕێنیتەوە بۆ نێو یاریگا، یاخود لەحاڵەتی یەکسانبوندا پێنج بە پێنج کاتی زیادکراو وەردەگرێت و "گۆڵدن گۆڵ" کۆتایی بە ئەنجامەکە دەهێنێت (ئەمە بۆ هەندێک لە تەمەنەکان).

ئەو وێنەیەش کە دامبەزاندووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەنگۆی لەسەر دروست بووە، بەپێی یاساکانی خولەکە دەبێت هەمووان پابەندبن بە جلوبەرگی تایبەتیەوە وەک هەر یارییەکی نێودەوڵەتی، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی داوەر لەم حاڵەتەدا ڕێگەی داوە یاریزانێک بە شۆرتی ڕەشەوە یاریی بکات؟! ئەو وەڵامە لای من نییە، بەڵکو ئەو برادەرانی لەوێن دەتوانن وەڵام بدەنەوە، چونکە هەر بەپێی یاسا کارپێکراوەکان، تەنانەت نابێت جلوبەرگی دوو تیپی بەشدار لە یەک یارییدا هاوشێوە بێت.