حكوومه‌تی هه‌رێم پرۆژه‌ یاسای چاكسازی ئاماده‌ ده‌كاته‌وه‌

ئەو بارە گرانەی لەسەر حکوومەت ھەیە لای دەبات

K24 – هه‌ولێر:

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای چاکسازی ئامادە دەکاتەوە و بە فۆرمێکی تازە رەوانەی پەرلەمانی دەکاتەوە، بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیش دڵنیان ئەمجارە پرۆژە یاساکە بە شێوەک تێدەپەڕێندرێت، بە دڵی ھەمووان دەبێت و ئەو بارە گرانەی لەسەر حکوومەت ھەیە لای دەبات.

فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەخوازن لە شەش مانگی یەکەمی کابینەی نۆیەم، پرۆژە یاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەمساڵ، یان سەرەتای ساڵی داھاتوو، بە تەواوی پرۆژە یاساکە تێپەڕێندرێت.

لە کۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، پرۆژە یاسای چاکسازی مشتومڕی گەرمی فراکسیۆنەکان بوو، بەڵام بەھۆی ناکۆکی لایەنەکان، نەتوانرا ئەو پرۆژە یاسایە تێپەڕێندرێت و بۆ خولی پێنجەم و کابینەی 9 بەجێماوه‌، ھەروەک لە کارنامەکەشیدا ھاتووە ئەنجامدانی چاکسازی ئەولەویەتی کارەکانی کابینەی نۆیەم دەبێت.