نامەی کەشتیوانێکی رووسی دوای 50 ساڵ لە دەریا دۆزرایەوە
لە رووسیا نووسراوە لە ئەمەریکا دۆزرایەوە
K24 – ههولێر:
پیاوێک بەناوی تیلەر ئیڤانۆف لە ویلایەتی ئەلاسکا بۆ دۆزینەوەی دار دەچێتەوە دەرەوە و لە نزیک دەریا، بوتڵێک کە نامەیەکی تێدایە و مێژووەکەی بۆ 20/06/1969 دەگەڕێتەوە، دەدۆزێتەوە.
تیلەر کاتێک نامەکە دەبینێت بە زمانی رووسی لەسەری نووسراوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی دەکاتەوە و داوا دەکات نووسراوەکەی بۆ بکەن بە ئینگلیزی.
هەواڵەکە دەگاتە دەست میدیاکانی رووسیا و بایەخی پێدەدرێت، ئەو کەسە دەدۆزرێتەوە کە نامەکەی نووسیووە.
لە نامەکە نووسراوە: "رێز و سڵاو لە کەشتی رۆژهەڵاتی دووری رووسیاوە. سڵاو لەو کەسەی ئەم نامەیە دەدۆزێتەوە و بە ناونیشانی ڤلادیڤۆستۆک 43 BRXF سولاک وەڵاممان بدەرەوە. ئێمە کارمەندانی ئەم کەشتییە هیوای تەندروستییەکی باش و تەمەنێکی درێژ و کەشتیوانیکرنێکی خۆشت بۆ دەخوازین. 20/06/1969".
دوای گەڕان، ئەو کەسە دەدۆزرێتەوە کە نامەکەی نووسیوە. کاپتن بۆتسانێکۆ ئێستا تەمەنی 86 ساڵە و لەگەڵ بینینی نامەکە، چاوەکانی پڕ فرمێسک بووە و رایگەیاندووە: "ئەوە دەست و خەتی منە و دەیناسمەوە. پەیامەکەمان نارد و لامان گرنگ بوو کێ دەیدۆزێتەوە. ئەمە شتێکە حەز دەکەم منداڵەکانیشم بیکەن".

BBC
H.J