تایبەتمەندی و شێوەی مرۆڤ پێش چوار ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ئاشکرا دەکرێت

دوای دوو ساڵ لێکۆڵینەوە زانایان دۆزینەوەیەکی گرنگیان راگەیاند

K24 – هه‌ولێر:

تایبەتمەندی جۆرێک مرۆڤی دێرین کە چوار ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاون ئاشکرا دەکرێت.

پەیکەرێک لە وڵاتی ئیسۆپیا لە ساڵی 2016 دۆزرایەوە کە بە "لووسی" ناسراوە، دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤە سەرەتاییەکان کە بە Australopithecus ناسراون و تا نزیکەی دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، لەسەر زەوی ژیانیان کردووە.

بەگوێرەی توێژینەوەی وردی دوو ساڵی زانایانی مۆزەخانەی کلێڤلاند، تێگەیشتنی زانایان ئێستا لەبارەی ژیانی مرۆڤە دێرینەکان گۆڕاوە.

مرۆڤی ئەم سەردەمە لەو مرۆڤانەوە پەرەی سەندووە، بەڵام ئەوان مێشکیان بچووکتر و کەلەی سەریان درێژتر و باریکتر بووە.

هایل سێلاسی، یەکێک لە توێژەرەکان، دۆزینەوەکەی بە زۆر گرنگ زانیوە و دەڵێت: "باوەڕم بە چاوەکانم نەکرد کاتێک بەڵگەکانم بینی. ئەوە خەونێکە هاتووەتە دی".

دەشڵێت: "تاکو ئەمڕۆ، بۆشاییەکی گەورە هەبوو لە نێوان یەکەم جۆری مرۆڤ کە شەش ملیۆن ساڵ لەمەبەر ژیاون لەگەڵ ئەم پەیکەرەی ئێمە دۆزیمانەوە کە چوار ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاوە".

ئەم جۆرە مرۆڤە پەیکەرەکەی دۆزراوەتەوە، باڵای نێرینەکەیان، یەک مەتر و 50 سانتیمەر بووە و کێشیشیان 45 کیلۆگرام بووە. هەرچی مێینەکەیانە، نزیکەی یەک مەتر درێژ بوون و کێشیان 28 کیلۆ گرام بووە.

The daily Mail

H.J