ریزبه‌ندی 10 ده‌وڵه‌مه‌ندترین ئافره‌تانی ئه‌مه‌ریكا بڵاوكرایه‌وه‌

سامانی ئافره‌تانی ئه‌مه‌ریكا بە خەیاڵی ھەژماردەكرێت

K24 – هه‌ولێر:

ئافرەتان لە ئەمه‌ریكا گەیشتووەنەتە ئەو رادەیەی، لە رێگەی ئەنجامدانی كاری تایبەتەوە سامانێك بەدەستدەھێنن بە خەیاڵی ھەژماردەكرێت، ھەر ئەوەشە وایكردووە كە فۆربیس ریزبەندییەكەی فراوانتر بكات بۆ ئەو ئافرەتە دەوڵەمەندانەی كە لەو وڵاتەدا دەژین و بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارەیان سێ ھێندە زیادیكردووە.

لە نوێترین راپۆرتیدا گۆڤاره‌كه‌ تیشكی خستووەتە سەر 10 دەوڵەمەندترین ئافرەت لە ئەمه‌ریكا، كە سامانیان لە 2 ملیارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 7 ملیار دۆلار.

بەگوێرەی پۆلێنكردنەكە 10 كەسایەتی ئەمه‌ریكی لە پێشی ھەمووانەوە دێن و بە دەوڵەمەندترین ئافرەتانی ئەمه‌ریكا دادەنرێن:

1- دایان ھێندریكس:  بۆ دوو ساڵی لەسەر یەكە توانیویەتی پلەی یەكەم بەدەستبھێنێت، خاوەنی  كۆمپانیای ئەی بی سی سیپڵایە و ئێستاش بەگەورەترین كۆمپانیای دابەشكەرانی بەكۆكی بنمیچ و پەنجەرە دادەنرێت لە ئەمه‌ریكا و 780 لق و زیاتر لە 10 ملیار دۆلار فرۆشی ھەیە و خاوەنی سامانێكە كە دەگاتە 7 ملیار دۆلار.

2- مێگ وێتمن:  لە 2011 وەك سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ھیولت پاك ئێرد كاری كردووە و ئێستاش خاوەنی سامانێكە دەگاتە 3 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار.

3- ماریان ئیلچ: بە سامانێك دەگاتە 3 ملیار  و700 ملیۆن دۆلار، خاوەنی زنجیرە  فرۆشگای پیتزا لیتڵ سیزەرە و ساڵانە زیاتر لە 4 ملیار دۆلار فرۆشی تۆماردەكات، چەندین ھۆتێل بەڕێوە دەبات و ئێستاش سەرقاڵی دروستكردنی ناوچەیەكی وەرزشییە بە بەھای ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار. 

4- جودی فاڵكنەر: خاوەنی سامانێكە دەگاتە 3 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، كۆمپانیای ئەپێكی تایبەتە بە بواری دابینكردنی ئەرشیفی پزیشكی ئەمه‌ریكی  و ئاستی فرۆشی لە 2018 گەیشتووەتە 2 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار.

5- تایڵی  سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای شی ئینتەرناشناڵە و ساڵی رابردوو فرۆشی 10 ملیار دۆلار بووە و ئێستاش خاوەنی سامانێكە دەگاتە 3 ملیار دۆلار.

6- جوودی لەڤ: سامانەكەی دەگاتە 2 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار و یەكەم وێستگەی گازی لە واتونجا و ئۆكلاھۆما كردووەتەوە و ئێستاش خاوەنی لەڤ ترەڤل ستۆپس و كەنتری ستۆرە و زیاتر لە 480 فرۆشگای لە 41 شاردا ھەیە.

7- لیندا رێسنك: سامانەكەی دەگاتە 2 ملیۆن و800 ھەزار دۆلار، خاوەنی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی رێسنیكە و فاست فوود و خواردنەوە گازییەكان دەفرۆشێت، ھەروەھا 135 ھەزار كێڵگەی كشتووكاڵی لە تەكساس و مەكسیك و كالیفۆرنیا بەڕێوە دەبات.

8- دۆریس فێشر: خاوەنی كۆمپانیای گاپـە، كە تایبەتە بە بازرگانی پۆشاك، خاوەنی سامانێكە دەگاتە  2 ملیار و 400 دۆلار.

9- جۆنێل ھینت: خاوەنی یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیای گواستنەوە بووە لە ئەمه‌ریكا و ئاستی فرۆشی گەیشتووەتە  8 ملیا ر و 600 ملیۆن دۆلار  وئێستاش پشكێكی ھەیە لە كۆمپانیاكە كە سەدا 17یە و خاوەنی سامانێكە دەگاتە 2 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار.

10- ئۆپڕا وێنفری: خاوەنی سامانێكە دەگاتە 2 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، لە رێگەی تۆڕی تەلەڤزیۆنی ئۆپڕا وینفرییەوە، توانی ببێتە یەكیك لە ئیمپراتۆرییەكانی راگەیاندن.

 ئەمە لەكاتێكدایە كۆی سامانی ئەو ئافرەتانەی كە لە لیستی دەولەمەندانی ئەمه‌ریكا ھاتوون دەگاتە 81 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.

ئاماده‌ و پێشكه‌شكردنی: ئه‌ژین قادر