دۆندرمە فرۆشێك دوكانەكەی دەكاتە مۆزەخانە

مێژووی كوردستان بە كڕیارەكانی دەناسێنێ

K24 - سنە

لە شاری بیجاری رۆژهەڵاتی کوردستان، دوكانێكی دۆندرمە فرۆشی هەیە کە لە مۆزەخانە دەچێت، خاوەنەکەی ساڵانێکە ئاسەواری کۆنی کوردستان کۆدەکاتەوە، و لەدوکانەکەی خۆیدا نمایشیان دەکات، خۆی دەڵێ دەیەوێ ئەوانەی دێن دۆندرمە بخۆن، لەگەڵ مێژووی وڵاتەکەیان ئاشنا بکات.

مۆتەیەك بخۆ و مێژووی ناوچەیەك لە كوردستانیش بە چاوی خۆت ببینە. دوكانەكە بە یەكەم چاولێكردن ئەوەندەی لە مۆزەخانە دەچێ، ھێندە لە شوێنی ساردەمەنی خواردن ناچێت، خاوەنەكەی دەڵێ "مۆتەفرۆشتنەكەم بۆ كاسبییە و مۆزەخانەكەش خولیای شەخسیمە".

تەمەنی شاری بیجار بۆ سێ ھەزار ساڵ بەر لەدایكبوونی مەسیح دەگەڕێتەوە، خۆی پایتەختی ویلایەتێكی ھەتا رادەیەك سەربەخۆی گەروس بووە و ھەتا سەردەمی رەزاشای پەھلەویش ھەر بە بیجاری گەروس ناوی دەھات، ئەو مێژووە كۆنە وای لەو مۆتەفرۆشە كردووە كە بە كۆكردنەوەی ئەو ئاسەوارانە خەڵكی شارەكەی بە مێژووەكەیان ئاشنا بكات.

وەحید، لەو مۆتە فرۆشییەدا مۆزەخانەیەكی ھەیە رەنگە لەزۆر شار و ناوچە نەیانبێت، خۆی بە پارەی خۆی لەو وەرزانەی كاری نییە، دەگەڕێت و لەھەر شوێنێك ئاسەوارێكی ئەو ناوچەیە ھەبێ، بەھەر پارەیەك بێ دەیكڕێت و لە دوكانەكەی دایدەنێ بۆ ئەوەی خەڵك بە مۆتەیەكی سارد سەیری مێژووییەكی گەرمی وڵاتەكەیان بكەن.

ھ.م