کاردانەوەکانی هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعوودییە

بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ نزیک 72 دۆلار بەرزبوونەوەی تۆمار کرد

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ لە یەکەم رۆژی هەفتەدا نرخی نەوت گەورەترین بەرزبوونەوەی رۆژانەی تۆمارکرد، ئەوەش گەورەترین ئاستی بەرزبوونەوەی نەوتە لە دەستپێکی جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991ـدا، کە حوسییەکانی یەمەن هێرشییان کردە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی سعودیە، و وایکرد 5% خستنەڕووی نەوتی جیهان کەمبێتەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 19.5% بۆ نزیکەی 72 دۆلار بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، ئەوەش بە گەورەترین بەرزبوونەوەی رۆژانە دادەنرێت دوای جەنگی کەنداو لە 14 کانوونی دووەمی ساڵی 1991.

گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی سووکی تێکاس بە رێژەی 15.5% بۆ 63.34 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، ئەوەش گەورەترین بەرزبوونەوەی رۆژانەیە لە 22 حوزەیرانی ساڵی 1998ـەوە.

هەروەها لەو بارەیەوە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە رایگەیاند، هێرشەکان توانای بەرهەمهێنانی نەوتی بە رێژەی 5.7 ملیۆن بەرمیل رۆژانە کەمکردووەتەوە،5% خستنەڕووی نەوتی جیهانی دابەزاندووە، بۆ گەڕانەوەی هەناردەکردن بۆ ئاستی پێشووو کۆمپانیاکە هیچ کاتێکی دیاری نەکرد.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند بۆ گەڕانەوە توانای بەرهەمهێنان بۆ ئاستی پێشووی چەندین هەفتەی پێویستە.

لەلایەکی دیکەوە چەند سەرچاوەیەکی نەوتی سعودیە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، هەناردەی نەوتی سعودیە وەک پێشووی بەردەوام دەبێت، ئەگەر ریاز نەوت لە کۆگاکراوە گەورەکانی بەکار بهێنێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە نوێترین توویتیدا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادەیە نەوتی کۆگاکراوی ستراتیژی لە کاتی پێویستدا بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خستنەڕووی نەوتی جیهانی بکەن دوای هێرشەکان بۆ سەر ئارامکۆ.

هاوکات ترەمپ گووتیشی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەزانێت کێ لە پشت هێرشەکانە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودییە و لە ئامادەباشیشدان، بەڵام لە پێشدا چاوەڕوانی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی سعوودیه‌ن دواتر کاردانەوەیان دەبێت.

هاوکات کۆشکی سپی وێنەی تێکشکانی دامەزراوە نەوتییەکانی لە ئاسمانەوە بۆ رۆژنامەوانان بڵاوکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەڵێن، بە گوێرەی وێنەکە بە لایەنی کەمەوە 19 ژێرخانی گرنگ بە ئامانج گیراون لە هەردوو دامەزراوەی بەقیق و هەجرەت خەریس،  بە جۆرێک زۆر بە وردی پێکراو 17ـەیان لە بەقیق بووە.  هەروەها دەشڵێن:  هێرشەکان لە عێراقەوە ئه‌نجامدراون نەک لە یەمەن. هەروەها بەرپرسە ئەمریکییەکان رایانگەیاندووە، بە گوێرەی بەڵگەکان، هێرشەکان بە مووشەکی کرووز ئەنجامدراوە، نەک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی حوسییەکان."

لە لایەکی دیکەشەوە ئەلێکساندەر نۆڤاک وەزیری وزەی رووسیا رایگەیاند، هێرشکردن بۆ سەر ئارامکۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان, و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری وزەی سعودیە دڵنیایی پێی داوە کە نەوتی کۆگاکراوی جیهان قەرەبووی ئەو کورتهێنانەی سعودیە دەکاتەوە.

H.J