عێراق میكانیزمی نوێ بۆ پرۆسەی گواستنەوە دادەنێت

عێراق پەرە بە گواستنەوەی زەمینی لەگەڵ وڵاتانی جیھانی دەدات

K24 - ھەولێر

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ھەوڵدەدات ترانزێتی وشكایی لە رێگەی عێراقەوە بۆ وڵاتانی جیھان بگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، دوای ئەوەی لە 2013 ـەوە گواستنەوەی وشكایی لەگەڵ چەند ولاتێكی جیھانی وەستاوە، ئێستا ھەموو ھەوڵێكی خۆیان دەدەن كە جارێكی دیكە ترانزێت بگەڕێننەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە. ھەر بۆیە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لیژنەی ترانزێت ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی میكانیزمی نوێ بۆ پرۆسەی گواستنەوە بە ترانزێت دابنرێت كە لەگەڵ وڵاتانی جیھاندا گونجاو بێت.

وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق خاوەنی پێگەیەكی جوگرافی گرنگە لە نێوان وڵاتاندا و زیاتر لە رێڕەوێكی بازرگانی ھەیە و پێویستە ئەو ھەلە بقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاد بكات و چالاكییە  ئابوورییەكان كارابكرێنەوە.

ھ.م