ئالووده‌بوون به ئه‌لكهول كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر مێشك هه‌یه
كاریگه‌رییه‌كان نزیكه‌ی 40 رۆژ له‌سه‌ر مێشك به‌رده‌وام ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
گرووپێك له زانایان له توێژینه‌وه‌یه‌كدا له په‌یمانگای ناوه‌ندی ته‌ندرووستی مێشك له مانهایمی ئه‌ڵمانیا، ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه، كه خواردنه‌وه‌ی ئه‌لكهول به رێژه‌یه‌كی زۆر، ده‌بێته هۆی كۆمه‌ڵێك كرداری نه‌رێنی له‌سه‌ر مێشك و ماوه‌ی پتر له مانگێك كاریگه‌رییه‌كانی ده‌مێنێت.
پسپۆران چاودێری 91 خۆبه‌خشیان كردووه، كه ئالووده‌ی مه‌ی خواردنه‌وه بوونه و سه‌رنجیان خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌سه‌ر مێشكیاندا دێت له سه‌ره‌تای یه‌كه‌م هه‌فته‌ی وازهێنانی له خواردنه‌وه‌ی مه‌ی، تا ئه‌و كاته‌ی گۆڕانكارییه‌كان نامێنن و مێشك ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی خۆی.
له‌و ماوه‌یه‌شدا، له رێگه‌ی تیشكی "ئێم ئار ئای" چاودێری گۆڕانكارییه‌كانی ناو مێشك كراوه، كه گۆڕانكاریی له مادده سپییه‌كانی مێشك تێبینی كراوه.
پسپۆران پێیانوایه، هۆكاری ئه‌و گۆڕانكارییه، خواردنه‌وه‌ی له راده‌به‌ده‌ری ئهلكهوله، هه‌مان توێژینه‌وه له تاقیگه له‌سه‌ر مشك كراوه و توێژه‌ران به هه‌مان ئه‌نجام گه‌یشتوون.
بۆ ئه‌نجامی زیاتر، توێژه‌ران پێشنیازیان كردووه كار له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ش بكرێت، كه ماوه‌یه‌كی زۆره وازیان له خواردنه‌وه‌ی كهول هێناوه، یانیش ته‌نها له بۆنه تایبه‌ته‌كان ده‌یخۆنه‌وه.
له مانگی ئابی ئه‌مساڵیش، گه‌یشتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه خواردنه‌وه‌ی رێژه‌یه‌كی زۆری ئه‌لكهول، ده‌بێته هۆی مه‌ترسی تووشبوون به شێرپه‌نجه.
ئاماژه به توێژینه‌وه‌كانی پێشووتریش كراوه و روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و كه‌سانه‌ی رۆژانه 1 بۆ 2 گلاس شه‌راب ده‌خۆنه‌وه، به رێژه‌ی 35% مه‌ترسی تووشبوونیان به نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كانی دڵ كه‌متره، به‌ڵام ئێستا پێداچوونه‌وه به توێژینه‌وه‌كاندا ده‌كرێت.
سه‌رچاوه: Izvestia
ئ. م