ره‌وتی سه‌در: گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستیان به‌سه‌ر بیره‌ نه‌وتییه‌كاندا گرتووه‌

"عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌وڵ بۆ لاوازكردنی گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌دات"

K24- هه‌ولێر:

سەركردەیەكی رەوتی سەدر ئاشکرای دەکات، عادل عەبدولمەهدی پلانی لاوازکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی هەیە، کە دڵسۆزیان بۆ ئێران هەیە. ئاماژە بەوەشدەدات، هەندێك لە گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر بیرە نەوتییەکاندا گرتووە، هەندێکی دیکەیان کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانیان کردووە، لەکاتێکدا بەشێکی دیکە لە گرووپەکان چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانیان قۆرخکردووە.

حاکم زاملی، سەرۆکی پێشووی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق و سەرکردە لە رەوتی سەدری ئاشکرایدەکات، سەرۆك وەزیرانی عێراق کار بۆ لاوازکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە دەکات، کە لە ئێرانەوە نزیکن. ئاماژە بەوەشدەدات، وەکو رەوتی سەدری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاساییە، بەڵام جگە لە عێراق دڵسۆزیان بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە نییە.

زاملی راشیگەیاند، ئێمە وەکو رەوتی سەدری دڵسۆزیمان بۆ عێراق هەیە، بە پێچەوانەی ئەو گرووپ و میلیشیا چەکدارانەی، کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵات.

سەبارەت بە هەوڵەکانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیران بۆ لاوازکردنی ئەو گرووپ و میلیشیایانەی لەناو حەشدی شەعبین و دڵسۆزیان بۆ تاران هەیە، ئەو سەرکردەی رەوتی سەدری جەختیکردەوە، سەرۆك وەزیران هەوڵ بۆ لاوازکردنی ئەو گرووپ ومیلیشیایانە دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەو ئاراستەیە هەڵنەهێناوە.

دانیشتوانی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان چەکدارانی حەشدی شەعبی بە دەستگرتن بەسەر بیرە نەوتییەکانی ئەو ناوچانە تۆمەتبار دەکەن و پێیانوایە، بوونی ئەو گرووپ و میلیشیایانە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستکردووە، زاملی لەبارەی راستی بۆچوونی دانیشتوانی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان رایگەیاندووە، هەندێك لە گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر بیرە نەوتییەکاندا گرتووە، هەندێکی دیکەیان کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانیان کردووە، لەکاتێکدا بەشێکی دیکە لە گرووپەکان چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانیان قۆرخکردووە.

H.B