ئابووری یۆرۆ رووی له دابهزینه
کەمترین ئاستی 6 ساڵی رابردوویەتی
K24 – ههولێر:
بە گوێرەی نوێترین رووپێوی، ورەی وەبەرهێنەران لە ناوچەی یۆرۆ بۆ کەمترین ئاستی 6 ساڵ و نیوی رابردووی دابەزیووە، بۆ ئەوەش بانکە ناوەندییەکان بەردەوام لە هەوڵدان بە پێشکەشکردنی هەنگاوەکانی پاڵپشتی بۆ رەوانەوەی مەترسییەکان لەسەر داکەوتنی ئابووری.
گرووپی سێنتێکس بۆ توێژینەوە رایگەیاند، پێنوێنی ورەی وەبەرهێنەران لە ناوچەی یۆرۆ لە مانگی ئۆکتۆبەر بۆ -16.8 خاڵ دابەزیووە، بەوەش بۆ کەمترین ئاستی مانگی نیسانی ساڵی 2013 دادەبەزین تۆماردەکات.
هاوکات لە مانگی ئەیلوول، ماریۆ دراگی پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەوروپا رایگەیاند هەنگاوەکانی پاڵپشتی زیاتر دەکەن، ئەوەش بۆ گەشانەوەی ئابووری ناوچەی یۆرۆ. هەروەها بانکی ناوەندی ئەوروپا لە هەوڵێکی دیکەی بۆ گەشانەوەی ئابووری رێژەی سوودی زیاتر دابەزاند.
لەهەمان کاتدا هەڵسەنگاندنی وەبەرهێنەران بۆ دۆخی ئێستا لە -9.5ـەوە بۆ -15.5دابەزینی تۆمارکردووە، بەوەش دەبێت پێنجەم دابەزین لەسەر یەک، کە ئەوەش بە کەمترین خوێندنەوە دادەنرێت لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015ـەوە.
هاوکات پێنوێنی سێنتێکس بۆ پێشبینییەکانی داهاتوو لە -12.8 بۆ -18.0 لە مانگی رابردوو دابەزینی تۆمارکردووە.
لەبارەی ئابووری ئەڵمانیاش لە پێنوێنەکەدا روونبووەتەوە کە ورەی وەبەرهێنەران بە گەورەترین وڵاتی ئابووری ئەوروپا بۆ کەمترین ئاستی مانگی تەمووزی ساڵی 2009 دابەزیووە.
ئەمە لە کاتێکدایە سێنتێکس لە رووپێوییەکەی بۆچوونی 957 وەبەرهێنەری لە رۆژانی 3 – 5 ئەم مانگە وەرگرتووە.