ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان نرخی نەوت ناجێگیر دەكات
کاریگەری نەرێنی دەبێت
K24 - ھەولێر
نرخی نەوت دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان كەمێك بەرزبووەوە، بەڵام دوای هەواڵەکانی دانوستاندنی بازرگانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین، هەروەها زیادەی کۆگاکراوی نەوتی ئەمەریکا گوشاری لە نرخەکان کرد و دایبەزاند.
نەوتی خاوی برێنت بۆ خوار 58 دۆلار دابەزی و نەوتی سووکی تێکساسیش لە خوار 53.50 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ چوارشەممە ئۆپەراسیۆنی دژی یەپەگە لە باکووری رۆژهەڵاتی فورات راگەیاند. شرۆڤەکاران لەو بارەیەوە دەڵێن، ئەو هێرشانە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە بە گشتی دەبێت.
هاوکات، لە مامەڵەی کاتژمێرەکانی پێشوودا نرخی نەوت دابەزی، دوای ئەوەی بەرپرسانی چین رایانگەیاند، پەکین پێشبینی ناکات لە هەفتەیە دانوستاندنەکان ئەنجامی هەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندی باڵای چین و ئەمەریکا لە واشنتن کۆبببنەوە.
ھ.م