زیانەكانی بڕینی ھێڵی ئینتەرنێت لە عێراق رۆژانە بە نزیكەی 50 ملیۆن دۆلار دەخەملێنرێت
لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا گەیشتووەتە 500 ملیۆن دۆلار
K24 - ھەولێر
زیانەكانی كەرتی ئینتەرنێت لە عێراق بەھۆی خۆپیشاندانەوە ھەر دێت و زیاد دەبێت، ئەو زیانەی بەر بانك و كۆمپانیاكان كەوتووە لە رۆژێكدا بە نزیكەی 50 ملیۆن دۆلار زیان دەخەملێنرێت.
چاودێرانی تایبەت بە كەرتی ئینتەرنێت لە عێراق رایدەگەێنن، بەھۆی بڕینی ھێڵی ئینتەرنێت لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگەوە، قەبارەی ئەو زیانانەی كە بەر كۆمپانیا و بانك و كەرتەكانی كاركەر لە ئینتەرنێت كەوتووە لە عێراق، بەگشتی لە نێوان 40 بۆ 50 ملیۆن دۆلاری رۆژانە بووە، بەجۆرێك لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا گەیشتووەتە 500 ملیۆن دۆلار و بەگوێرەی رێكخراوە داراییەكان ئەگەر بێت و لەماوەی چەند رۆژی داھاتوو ئەو دۆخە بەردەوامبێت ئەوە زیانەكان زیاتریش دەبن.
ئاماژە بەوەشكراوە كەرتی تایبەت زۆرترین زیانی بەركەوتووە، بەھۆی بڕینی ھێڵەكانی ئینتەرنێتەوە و دیاریش نییە ئەگەر قەرەبووی زیانەكانیان بۆ بكرێتەوە یاخود نا، جگە لەوەی كە ھەنگاوی بڕینی ھێڵەكانی ئینتەرنێت بووەتە جێی مەترسی بۆ كۆمپانیا بیانییەكان لە عێراق.
ھ.م