دابەزینی لیرەی توركی مەترسی دروست دەكات

لە دوایین مامەڵەكاندا 5% بەھاكەی لەدەستدا

K24 - ھەولێر

لە ماوەی ئەم مانگەدا لیرەی توركی بەرامبەر بە دراوەكانی دیكە داكەوتنی بەرچاوی تۆماركردووە.

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، بەھۆی ھێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ئەم مانگە  لیرەی توركی خراپترین ئەدای تۆماركردووە بەرامبەر بە دراوە سەرەكییەكانی جیھان، بەجۆرێك لە دوایین مامەڵەكاندا 5% بەھاكەی لەدەستدا بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی. ئەمەش جۆرە مەترسییەكی لەلایەن چاودێرانی ئابوورییەوە دروستكردووە و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی كە رووبەڕووی سزای نێودەڵەتی ببنەوە بەھۆی ھێرشەكانی توركیا لەسەر رۆژئاوا كوردستان و لە ئەنجامدا دۆخەكە خراپتر بێت.

ئەمە لەكاتێكدایە گوڵدمان ساكس، ھۆشداری لە مەترسی جیۆسیاسی و ئابووری نێوخۆیی لە توركیا داوە، جگە لەوەی كە دۆیتچە بانك دیدگا ئەرێنییەكەی بەرامبەر بە ئابووری وڵاتەكە دابەزاند.