"820ملیۆن کەس لە جیهان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن"
فاو: 14% خۆراكی بەرھەمھێنەر لە جیھاندا بەر لەوەی بگاتە فرۆشگاكانەوە لەناو دەچێت
K24 - ھەولێر
سبەی چوارشەممە 16/10/2019، رۆژی جیھانی خۆراكە، بۆ ئەو مەبەستەش رێكخراوی فاوی جیھانی ژێر ناونیشانی "رێكخستنی خۆراكی تەندروستی لە پێناو نەھێشتنی برسییەتی لە جیھاندا" یادی ئەو رۆژە دەكاتەوە.
رێكخراوەكە لە نوێترین راپۆرتێدا ئاماژە بەوەدەدات 14% خۆراكی بەرھەمھێنەر لە جیھاندا بەر لەوەی بگاتە فرۆشگاكانەوە لەناو دەچێت و بەھۆیەوە 820 ملیۆن كەس بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن.
ئاشكراشیكردووە، ئەگەر بێت و ئەو رێژەیە دابەزێندرێت، ئەوە گەشەی ئابووری وڵاتان و بەرھەمھێنانی خۆراك، پاڵنەرێك دەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی برسیەتی.
رێكخراوی فاو لە 2011 ئاماژەی بەوەدابوو كە ساڵانە نزیكەی سێ بەشی خۆراك لە جیھاندا بەھەدەر دەدرێت و لە دوایین راپۆرتیشی بۆ ئەمساڵ پێشبینییەكان ھەمان ئاست نیشاندەدات، ھەر بۆیە بەپێویستی دەزانێت كە رێوشوێنی بەپەلە بگیرێت بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە.
ھ.م