ئابووری ئێران زیاتر لە پێشبینییەكان داكەوتن تۆمار دەكات

پێشبینی دەكرێت بەرێژەی %9.5 داكەوێت

K24 - ھەولێر

ئەمساڵ ئابووری ئێران زیاتر لە پێشبینییەكان داكەوتن تۆمار دەكات بەجۆرێك پێشبینی دەكرێت بەرێژەی 9.5% داكەوێت.

سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بە كاریگەرییەكانی توندتركردنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئابووری ئێران، ئابوورییەكەی بەرێژەی 9.5% داكەوێت ، لە كاتێكدایە كە پێشبینی ئەوە دەكرا تەنیا 6% بێت.

سندوقەكە ئاماژەی بەوەشدا، كە ئێستا ئابووری ئێران ھیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئابووری بازاڕە تازە پێگەیشتووەكان و لە رووبەڕوو بوونەوەی ئاستەنگەكانی سەر ئابوورییەكەی بەردەوامە.

ئەمە لە كاتێكدایە دوای سزا سەپێندراوەكانی سەر ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە، تومەنی ئێران بەرامبەر بە دۆلار داڕما و لە ئەنجامدا بازرگانی دەرەكی ئێران پەكیكەوت و بەرزبوونەوە، ھەڵاوسانی لێكەوتەوە كە بە گوێرەی پێشبینییەكانی سندووقەكە بۆ ئەمساڵ دەگاتە زیاتر لە 35%.