وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی بێکاری ئاشکرا دەکات
تێکڕای خەرجی خێزان لە مانگێکدا ملیۆنێک 503 هەزار دیناری عێراقی بووە
K24 – ههولێر:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێژەی هەژاری لە ساڵی رابردوو بۆ 20% دابەزیووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2014 نزیکەی 22.5% تۆمارکردبوو. هەروەها وەزارەت پلانی ستراتیژی 7 ساڵی رابردووشی خستەڕوو کە کاری لەسەر کراوە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری.
لە راگەیهندراوی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە، دابەزین لە رێژەی هەژاری بەدی دەکرێت لە ساڵی 2018ـەدا، ئەوەش بە گوێرەی رووپێوییەک کە لە لایەن وەزارەتی پلاندانانەوە بۆ سەرجەم پارێزگاکان ئەنجامدراوە بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
لە داتاکانی رووپێوییەکەدا هاتووە، رێژەی هەژاری لە 22.5% لە ساڵی 2014 بۆ 20% لە ساڵی 2018 دابەزیووە، بەڵام لە پارێزگای موسەنا گەورەترین رێژەی هەژاری تێدا تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە 52%.
هەروەها لە داتاکەی وەزارەتی پلانداناندا روونکراوەتەوە، تێکڕای خەرجی خێزان لە مانگێکدا ملیۆنێک 503 هەزار دیناری عێراقی بووە، هەروەها چوونی قوتابیان بۆ قۆناغی سەرەتایی گەیشتووەتە 93% و لە ناوەندی 75%، هاوکات تێیدا هاتووە ئەو خێزانانەی لە تۆڕی ئاو سوودمەند بوونە گەیشتووەتە 92% لە ساڵی 2018.
وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەداوە، بە گوێرەی ئەنجامی رووپێوییەکە، رێژەی بێکاری گەیشتووەتە 13.8%، ئەوەش هاوتایە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام رێژەی بێکاری لە نێوان گەنجە بەرزە و 19% تۆمارکردووە ئەمە لەکاتێکدایە رێژەی بێکاری 30% بوو لە ساڵی 2005 بەڵام بۆ 11% لە ساڵی 2013 بەرزبووەتەوە، بەڵام جارێکی دیکە لە ساڵی 2014 بە هۆی قەیرانی ئاسایش و ئابووری جارێکی دیکە رێژەی بێکاری رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.