رووسیا داوا لە وڵاتانی ئەفریقا دەکات دەستبەرداری دۆلار بن
"بەو هەنگاوە هەڕەشەکان بۆ سەر سیستمی دارایی وڵاتانی جیهان کەمدەبێتەوە"
K24 - ھەولێر
ئەندریە کۆستین، سەرۆکی بانکی ڤی تی بی رووسی داوا دەکات، لە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتە ئەفریقییەکان دەستبەرداری دۆلار بن و مامەڵەکردنیان بە دراوەکانی دیکە زیاد بکەن.
بەڕێوەبەری دووەم گەورەترین بانکی رووسیا داوا دەکات، مامەڵەکردن بە دۆلار کەمبکرێتەوە، و دەشڵێت "بەو هەنگاوە هەڕەشەکان بۆ سەر سیستمی دارایی وڵاتانی جیهان کەمدەبێتەوە".
ئەو لێدوانەی کۆستین لە میانی چالاکییەکانی لوتکە و دیداری ئابووری رووسیا و ئەفریقا دێت، کە ئێستا لە شاری سوچی بە بەشداری وڵاتانی ئەگریقا بەڕێوەدەچێت.
هەروەها کوستین داوای دامەزراندنی کەناڵی دیکەی جێگرەوەی سویفت دەکات، کە تۆڕێکی جیهانی هاوبەشە بۆ پەیوەندییە داراییەکان لە نێوان دامەزراوە بانکییەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، رووسیا لە دوو ساڵی رابردوویدا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی پشت بەستنی بە دۆلار کەمبکاتەوە، لەو چوارچێوەیەش پشکی دۆلاری لە یەدەگی وڵاتەکەی کەمدەکاتەوە و لە بڕی ئەوە پشکی زێڕ و یوانی چینی و یۆرۆ زیاد دەکات.
ھ.م