رووسیا به‌شداری له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق ده‌كات

لایه‌نی عێراقی پێشنیازی بۆمان كردووه‌

K24 – هه‌ولێر:

باڵیۆزی رووسیا له‌ به‌غدا، مه‌كسیم ماكسیمۆڤ، رایگه‌یاند، كۆمپانیاكانی بیناسازی رووسیا به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن.

له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵده‌ری سپۆتنیكی رووسی، ماكیسمۆڤ رایگه‌یاند، یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی كۆمپانیا رووسییه‌كان ده‌توانن تێیدا چالاك بن و لایه‌نی عێراقی پێشنیازی بۆمان كردووه‌، هاوكاریكردنی به‌غدایه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان و درووستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونه‌ به‌ كه‌مترین تێچوو بۆ خه‌ڵكی زیانلێكه‌وتووی عێراق.

پێشتر به‌رپرسانی عێراق رایانگه‌یاندبوو، بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی شاره‌ وێرانبووه‌كان و ژێرخانی ئابووری، عێراق پێویستی به‌ 88 ملیار دۆلاره‌.