تورکیا رێژەی سوودی 250 خاڵ دابەزاند

زیاتر لە پێشبینییەکان دابەزاند

K24 – هه‌ولێر:

بانکی ناوەندی تورکیا رێژەی سوودی زیاتر لە پێشبینییەکان دابەزاند.

بانکی ناوەندی تورکیا رێژەی سوودی سەرەکەی بە بڕی 250 خاڵی سەرەکی بۆ 14% دابەزاند ئەوەش زیاتره‌ لە پێشبینییەکان.

بەوەش رەوتی ئابووری وڵاتەکە بەرەو ئاسایی دەچێت لە ژێر رۆشنایی دابەزینی رێژەی هەڵاوسان و سەقامگیری لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار، دوای هەڵگرتنی سزاکانی ئەمه‌ریکا بۆ سەر تورکیا کە بە هۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆ سەر باکووری سووریا بە سەر ئەنقەرەی سەپاندبوو.

ئەمە لە کاتێکدایە شارەزایانی ئابووری لە راپۆرتێکی رۆیتەرز پێشبینییان دەکرد، بانکی ناوەندی رێژە سوود بە بڕی 100 خاڵ دابەزێنێت.

هاوکات لیرەی تورکی، ئەمساڵ %30 بەهاکەی لەدەستداوە، دوای هەڵگرتنی سزاکانی ئەمه‌ریکا لەسەر تورکیا لە هەفتەی رابردوو زیانەکانی کەمێک لەسەر کەمبووەوە، ئەوەش وایکرد بانکی ناوەندی رێژەی سوود دابەزێنێت.

هاوکات دوێنێش لەگەڵ لابردنی سزاکان لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکاوە لیرە تورکی ئاراستەی بەرزبوونەوەی وەرگرت.