زانایان یەکەم لانەی مرۆڤیان ئاشکرا کرد
مرۆڤی ئەم سەردەمە یەکەمجار لە کوێ دەستی بەژیان کردووە
K24 – ههولێر:
زانایان یەکەم لانە و بنەچەی مرۆڤییان لەسەر زەوی دیاریی کرد و ئەو شوێنەش ناوچەکانی باشووری رووباری زامبێسی لە وڵاتی بۆتسوانای ئەفریقایە.
باوباپیرانمان 70 هەزار لەو ناوچانە ژیاون کە 200 هەزار ساڵ لەمەوبەر ئەو ناوچەیە خاوەنی دەریای گەورە بووە، بەڵا ئێستا بووەتە زەوییەکی وشک و خوێدار.
ڤانێسا هایس، زانای بواری بۆهێڵ (جین) لە پەیمانگای گارڤان بۆ توێژینەوەی پزیشکیی لە ئوستراڵیا بە ئاژانسی بی بی سی گوتووە: "ئەوە بۆمان روون بووەتەوە کە مرۆڤی ئێستا، 200 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەفریقا دەستیان بە ژیان کردووە.
زانایان دەڵێن، لەگەڵ دۆزینەوەی ناوچەی سەوزایی زیاتر، مرۆڤ دەستی بە کۆچکردووە.
دەشڵێن، ئەو ناوچەیەی سەرەتا مرۆڤ تیایدا سەریهەڵداوە، دەریا و دەریاچەی گەورە لێبووە و زەوییەکی زۆر تەڕ بووە کە بووبووە جێی ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵان لەو کاتەکدا. مرۆڤ 70 هەزار ساڵ لەوێ ژیاوە، بەڵام گۆڕانی رێژەی باران لەو ناچەیە بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ دوو شەپۆلی گەورە کۆچ لە نێوان 110 بۆ 130 هەزار ساڵ لەمەوبەر بکات و بە دوای زەویی بە پیتردا بگەڕێن".
یەکەم شەپۆلی کۆچی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی باکوور بووە، دووەم کۆچ بۆ باشووری رۆژئاوا بووە، ئەوانەشی کۆچییان نەکرد، تاوەکو ئەمڕۆ لەو ناوچانە ماونەتەوە.
هەر بەگوێرەی توێژینەوەکان، نیادرتاڵەکان، 400 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەوروپا و ئاسیا ژیاون، هۆمۆ ساپینس، مرۆڤی ئێستا، 200 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەفریقا بڵاوبوونەتەوە.
هەروەها ئەوەش ئاشکرا کراوە، 40 بۆ 50 هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤی ئێستا بۆ ئەوروپا کۆچی کردووە.