"دێوانەكەی كفری" كۆچی دوایی كرد
تەمەنی خۆی بۆ پاككردنەوەی شارەكەی تەرخان كردبوو
K24 - گەرمیان
دوای چەند رۆژێك مانەوە لەژێر چاودێری پزیشكی، ئەمڕۆ خالید کەریم ساڵح، ناسراو بە "دێوانەكەی كفری" كۆچی دوایی كرد.
پەیامنێرمان لە گەرمیان رایگەیاند: "ئەمڕۆ خالید کەریم ساڵح، ناسراو بە "دێوانەكەی كفری"، كە زۆربەی تەمەنی خۆی بۆ پاككردنەوەی شارەكەی تەرخان كردبوو، كۆچی دوایی كرد".
گوتیشی: "چەند رۆژێك لەمەوبەر "دێوانەكەی كفری"، بەھۆی تێكچوونی باری تەندروستی گەیەندرایە نەخۆشخانەیەكی سلێمانی".
مام خالید "پیاوە دێوانە کەی کفری" ساڵانێكی زۆر بە تەنھا لەنێو کەلاوەیەکی شاری کفری دەژیا، بەڵام نەوەستا لە پاككردنەوەی كوچە و شەقامەكان، دواجار نەخۆشی تەنگی پێھەڵچنی.
مام خالید، بەردەوام خۆڵ و خاشەکی کۆدەکردەوە، بەھۆی سەر و ریشە درێژەكەیەوە ھەرکەسێك سەردانی كفری كردبا وێنەیان لەگەڵ دەگرت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان، خالید كەریم بەھۆی بوونی كێشە لەگەڵ كەسوكاری لە ماڵەوە دوور كەوتووەتەوە و ژیانی تەنیایی ھەڵبژاردووە، ھەرچەندە ئەو بە تەنیا بوو، بەڵام لەلایەن خەڵكی كفری و گەرمیان بە گشتی كەسێكی خۆشەویست بوو، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ھەواڵی مردنیشی خەڵكی ناوچەكە بە دانانی وێنەكانی خەمباری خۆیان دەربڕی.
ھ.م









