برایەك و کوڕێکی دیکەی راکان جبووری دەستگیرکران
لەسەر گەندەڵی 8 کەس لە نووسینگەکەی دەستگیرکراون
K24 - ههولێر:
ئەمڕۆ سێشهممه، 19ی تشرینی دووهم/ نۆڤهمبهری 2019" دوو کەسی دیکە لە نووسینگەی راكان جبوورى، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووك لەسەر کەیسی بەهەدەردانی پارە دەستگیرکران.
به گوێرهی زانیارییهكان لەو کەسانەی کە لەلایەن دادگاوە داواکرابوون برایەك و کوڕێکی ڕاکان جبووری بوون لەسەر کەیسی بەهەدەرانی بودجەی و پارەی گشتی ئێستا دەستگیرکراون.
(فەرحان سەعید جبووری) و (قوتیبە ڕاکان جبوری)، ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسی کەرکووکەوە لەسەر بڕیاری دادوەری دەستەی نەزاهە دەستگیرکران.
دوو سەرچاوەى جياواز، کە یەکێکیان لەدەستەی نەزاهەیە و ئەوی دیکەشیان لە پۆلیسی کەرکووکە بە پەیامنێری کوردستان24یان گوت: "برایەك و کوڕێکی ڕاکان جبووری پارێزگاری سهپێنراوی کەرکووك ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران ئێستاش لەبنکەی پۆلیسی قۆرییەن".
ئەو سەرچاوانە ئاماژهیان بهوهشكرد، دەستگیرکردنی کوڕ و برایەکهی ڕاکان جبوری لەسەر کەیسێکە کە پێشووترى پەرلەمانتار "دیلان غەفور" پەرلەمانتاری عێراقه، كه سکاڵای لەسەريان تۆماركردبوو و 6 کەسی لەسەر دەستگیرکرابوو.
کەیسەکەیش بەهەدەردانی بودجەی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی دەستی داعشە کە ڕاکان جبووری بۆ خواردن و میوانخانەکەی ئەو پارەیهی خەرج کردووە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و بەبێ ئەوەی وردەکاری خەرجیيەکان هەبێت.
پێشتر کوردستان24، بەڵگەکانی بڵاوکردەوە کە شەش کەس لە نووسینگەی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووك بەتۆمەتی بەهەدەردانی پارە لەسەر فەرمانی دادوەری دەستەی نەزاهە دەستگیرکراون.
بەپێی زانیاريیەکانی کوردستان24، بڕی 94 ملیۆن دینار لەماوەی 9 مانگدا لە بودجەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتوةەکانی دەستی داعش، لەمیوانخانەی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووك خەرج کراوە.
