مەلا بەختیار چەند داتایەک لەبارەی گەندەڵییەکانی عێراق دەخاتەڕوو

چەند زانیارییەک ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

لە دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، مەلا بەختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی، خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراقی بە راپەڕین وەسفکرد و رایگەیاند: "داواکاری خۆپیشاندەران و ژمارەی بریندار و کوژراوەکان پێمان دەڵێن ئەمە خۆپیشاندان نییە بەڵکو راپەڕینە".

لەباسکردنی گەندەڵییەکانی عێراق گووتی: "ژمارەی فەرماندەکانی عێراق، دە هێند بەرامبەر بەر فەرماندەکانی ئەمەریکایە. 650 ملیار دۆلار لەم وڵاتە بردراوەتە دەرەوە. یەک ملیۆن و 600 هەزار منداڵی بێ سەرپەرش لە عێراق هەیە. شەش هەزار قوتابخانەی قوڕ لە عێراق هەیە. رێژەی بێکاری بۆ ئەو پەڕی هەڵکشاوە ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات".

راشیگەیاند: "لەسەردەمی سەددام وەزارەتی کارەبا 35 هەزار کارمەندی هەبوو، مووچەی ئەم کارمەندانەش لە داهاتی وەزارەتەکە خۆی بوو. ئێستا وەزارەتی کارەبای عێراق 100 هەزار کارمەندی هەیە، مووچەکەشیان حکوومەت دەیدات و 100 ملیار دۆلاریش لەو وەزارەتە دیار نەماوە".

"گەندەڵی لە عێراق بووەتە سیستم و رۆچووەتە ناو هەموو جومگەکان".

دووپاتیشکردەوە، هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە سەلماندی کە بەشێکە لە چارەسەر چونکە لەم دۆخەی ئێستای عێراق پاڵپشتی بۆ چاکسازیی دەربڕیوە و پشتگیری لە حکوومەت کراوە.

 H.J